حكومەت بریارێكی دیكە بەسەر تەكسیەكان جێبەجێ دەكات

08/12/2019 - 10:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هەرێم ڕایگەیاند "ژمارەی تەكسی لە هەرێمی كوردستاندا کەمدەکرێتەوە , بەپێی ستانداردی جیهانی هەر 250 بۆ 300 كەس، ئۆتۆمبێلێكی تەكسی پێویستە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەردەست هەر 50 كەس تەكسیەكی بەردەكەوێت".

سەڵاح جەوهەر بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەت لەلێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕایگەیاند سیستمی نوێی كاركردنی تەكسی لای وەزارەتی گواستنەوە كۆتاییهاتوە و تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ماوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە پڕۆژەكە پەیوەستە بەو بایۆمەتریەی ئەو وەزارەتە ئەنجامی داوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی شۆفێری تەكسیان تێدایە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا بەسیستمی نوێ كاری تەكسییەكان دەستپێدەكات.


ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاندوتیشی "بەپێی ستانداردی جیهانی هەر 250 بۆ 300 كەس، ئۆتۆمبێلێكی تەكسی پێویستە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەردەست هەر 50 كەس تەكسیەكی بەردەكەوێت، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە و پێویستی بە پێداچونەوە هەیە".ڕوونیکردەوە پلانی حكومەت لە رێكخستنەوەی تەكسییەكان كەمكردنەوەشیان دەگرێتەوە، ئەوانەشی مەرجیان تێدایە بەسیستمی پێشكەوتو دەكەونە كار و هەر تەكسیەك لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكە ناوی شۆفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تەلەفۆن و ژمارەكانی فریاكەوتنی لەسەر دەبێت، ئەوەش بۆ سەلامەتی گیانی سەرنشین و ناسینەوەی تەكسییە لەكاتی هەر روداوێكدا.