لەبارەی نەمانی کارەبای نیشتمانی روونکردنەوە دەدرێت

08/12/2019 - 21:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پاش ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی مەترسی نەمانی کارەبای نیشتمانی راگەیاندبوو، کارەبای سلێمانی لەسەر ئەو قسانە روونکردنەوە دەدات.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی وتي: "لێدوانەکەی ئه‌ندازیار سالار حیسامەدین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی سیمینارێكدا بوو كه‌ له‌سه‌ر پێوه‌ری زیره‌ك و دۆخی كاره‌با سازكرابوو له‌ زانكۆی گه‌شه‌پێدان و ئاماژه‌ی به‌ دۆخی كاره‌بای كوردستان كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای هاتنی وه‌رزی زستاندا پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌زین، مه‌سجێكی ترسناكی پێداین كه‌ ئه‌مساڵ بارودۆخی كاره‌با خراپ ده‌بێت، ئه‌وكات به‌رێوه‌به‌ری كۆنترۆڵی كاره‌بای سلێمانی ئاگاداری كردین كه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌بای نیشتمانی بۆ كه‌متر له‌ (7) كاتژمێر دابه‌زێت، ره‌نگه‌ هه‌ر بتوانین كاره‌با به‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان بده‌ین".

راشیگەیاند: "خۆشبه‌ختانە‌ له‌ رۆژانی رابوردوودا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ره‌و پێشچوونی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و 300 بۆ 400 مێگاوات بۆ ناو تۆڕی كاره‌با زیاد بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد 8 بۆ 9 كاتژمێر كاره‌با به‌ هاووڵاتیان بده‌ین و ئه‌و مه‌ترسییه‌ تێپه‌ڕێنین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌فرێكی زۆر له‌ سنووره‌كه‌ باریوه‌".

ئاماژەی بەوەشدا: به‌شێك له‌ میدیاكان بۆ سه‌رلێشواندنی خه‌ڵك و زیادكردنی ریچ و لایكی په‌یجه‌كانیان لێدوانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییان به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ست بڵاوكردەوه‌ كه‌ دڵه‌ڕاوكێی له‌ناو خه‌ڵك دروستكردووه‌.