دادگا ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌یسی سێوان قادر ده‌دات

09/12/2019 - 15:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دادگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ناتوانن هیچ كاتێك دیاری بكه‌ن بۆ كۆتایی هاتنی دۆسیه‌كه‌ی سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ دادگا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بڕیار ده‌دات و هیچ لایه‌نگرییه‌كی پێوه‌ دیار نابێت.

بڕیاره‌ سبه‌ینێ 10ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 له‌دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی چواره‌م دانیشتنی ئه‌و دۆسێیه‌ به‌ڕێوه‌بچێت بۆ دادگایكردنى هاوسه‌ری سێوان قادر كه‌ به‌وته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و ژنه‌، تۆمه‌تباره‌ به‌سوتاندنی سێوان و سێ منداڵه‌كه‌ی.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ 9ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 رایگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كانی كه‌یسی سێوان قادر له‌دادگا زۆر باش رۆیشتووه‌، به‌ڵام نازانرێت چ كاتێك كۆتایی به‌ كه‌یسه‌كه‌ دێت، چونكه‌ جاری وا هه‌یه‌ لایه‌نی تۆمه‌تبار له‌كۆتایی دادگاییكردنه‌دا داوای مۆڵه‌تێك ده‌كات تا پارێزه‌ره‌كه‌ی لائیحه‌یه‌ك ئاماده‌ ده‌كات، به‌ڵام دادگا سووره‌ له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان له‌نێویشیاندا ئه‌م كه‌یسه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی هه‌فتانه‌ دانیشتنی دادگا له‌سه‌ر كه‌یسی سێوان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ جێی تێبینی هاووڵاتیان و چالاكوانان، ناوبراو بۆ دواڕۆژ وتی :"به‌گشتی دادگا گرنگی به‌تاوانه‌كانی كوشتن ده‌دات به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی توندوتیژی به‌رچاوی تێدایه‌ و رایگشتی له‌سه‌ره‌، دادگا گرنگی پێده‌دات بۆ زوو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی، به‌ڵام بۆ ناوه‌ڕۆكی كه‌یسه‌كانیش وه‌ك لایه‌نی دادپه‌روه‌ریی، دڵنیابن دادگا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بڕیار ده‌دات و هیچ لایه‌نگرییه‌كی پێوه‌ دیار نابێت".

شه‌وی 16ی كانوونی یه‌كه‌می 2018 له‌ڕووداوێكدا له‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی له‌ماڵی خۆیان سووتان و دواتر گیانیان له‌ده‌ستدا، كه‌سوكاری سێوانیش هاوسه‌ری سێوان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ى ده‌ستى له‌و روداوه‌دا هه‌بووه‌ به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی تائێستا ئه‌و تۆمه‌ته‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ .