وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌باره‌ى دابه‌شكردنى كاره‌با ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

09/12/2019 - 15:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕی سێ هه‌زارو 58 مێگاوات كاره‌با له‌ كوردستان به‌رهه‌مدێت، به‌ڵام به‌رزترین خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با له‌ ئێستادا گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 6000 مێگاوات كاره‌بایه‌، بۆیه‌ كاته‌كانی بوونی كاره‌با له‌هه‌رێم به‌تێكڕا له‌ نێوان نۆ تاوه‌كو 12 كاتژمێر دایه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌شڵێت:"له‌ دوێنێوه‌ 400 مێگاوات كاره‌با بۆ تۆڕی نیشتمانی كاره‌با زیادكراوه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كۆنتڕۆڵی كاره‌بای هه‌رێم كه‌سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كاره‌بایه‌ له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ره‌تیكرده‌وه‌ نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی كاره‌بای پارێزگاكاندا هه‌بێت و ده‌شڵێت:" له‌رێكه‌وتی 8ى ئه‌م مانگه‌وه‌ توانیویانه‌ بڕی 250 مێگاوات كاره‌با له‌وێستگه‌ی خۆرمه‌ڵه‌و 150 مێگاوات كاره‌با له‌ وێستگه‌ی خه‌بات بخه‌ینه‌ ناو تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی یه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌باشی تیمه‌كانی كۆنتڕۆڵی كاره‌با و سیانه‌ و دابه‌شكردنی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی دڵسۆزانه‌ 24 كاتژمێر له‌خزمه‌تی هاوڵاتیانی كوردستاندان".

له‌ باره‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاووڵاتیان، وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌ڵێت:"له‌ ئێستادا به‌ تێكڕا 9 تاوه‌كو 12 كاتژمێر كاره‌با به‌ هاووڵاتیان بدرێت".

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی كاره‌باوه‌
هاوڵاتیانی به‌ڕێز ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا ره‌وشی كاره‌با به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
• 3580 مێگاوات كاره‌با له‌كوردستاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
• به‌رزترین خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با 6000 مێگاوات كاره‌بایه‌.
• كاته‌كانی بوونی كاره‌با له‌هه‌رێم به‌تێكڕا له‌نێوان 9- 12 كاتژمێردایه‌.
سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ باس له‌مه‌ترسی پێدانی كاره‌با بۆ هاونیشتمانیان ده‌كات ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و وه‌زاره‌تمان له‌ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵدایه‌ بۆ باشكردنی ره‌وشی كاره‌با له‌زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، له‌م پێناوه‌شدا له‌رێكه‌وتی 8/12/2019ی ئه‌م مانگه‌وه‌ توانیمان بڕی 250 مێگاوات كاره‌با له‌وێستگه‌ی خۆڕمه‌ڵه‌و 150 مێگاوات كاره‌با له‌ وێستگه‌ی خه‌بات بخه‌ینه‌ ناو تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی یه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌باشی تیمه‌كانی كۆنتڕۆڵی كاره‌با و سیانه‌ و دابه‌شكردنی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی دڵسۆزانه‌ 24 كاتژمێر له‌خزمه‌تی هاووڵاتیانی كوردستاندان، سه‌باره‌ت به‌هه‌ر گومانێك له‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ریی له‌دابه‌شكردنی كاره‌با به‌سه‌ر شارو شارۆچكه‌كاندا ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌و هه‌روه‌كو پێشتر روونكردنه‌وه‌مان داوه‌ جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تاكو 30/11/2015 دابه‌شكردنی كاره‌با له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی كاته‌كانی بوونی كاره‌با بووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌دوای 1/ 12/2015 به‌ پشت به‌ستن به‌داتاكانی مانگه‌كانی ساڵی 2015 كه‌ تێیدا كاته‌كانی بوونی كاره‌با یه‌كسان بوون له‌سه‌ر داوای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی كه‌ داواكرابوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ رێژه‌ی خۆیان پێ بدرێت، هه‌ربۆیه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با بڕیاری دا كاره‌با له‌سه‌ر بنه‌مای رێژه‌ بێت به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كانی كاره‌بای شاره‌كان بۆ واژووكردن له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی رێژه‌كان. هه‌روه‌ها له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تماندا كه‌ له‌ 10/9/2019 ئه‌نجام درا به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان پارێزگاری شاره‌كان جارێكی تر جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌و رێژانه‌و سه‌لماندنی دادپه‌روه‌ری له‌دابه‌شكردنی كاره‌با بۆیان .