فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌دان كه‌س ده‌رچوو

10/12/2019 - 10:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی  رایده‌گه‌یه‌نێت، مانگی رابردوو به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی فه‌رمانی گرتن بۆ 226 كه‌س ده‌ركردووه‌، كه‌ به‌شێكیان وه‌زیر، په‌رله‌مانتار و پارێزگاری ئێستا و پێشوون.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كۆی گشتی ئه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنانه‌ی خسته‌ڕو كه‌ له‌مانگی رابردودا بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و پارێزگارانی ئێستا و پێشوتری عێراقی، به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتی وڵات ده‌ركراوه‌.


ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئاماژه‌ی به‌ ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركرنی 9 وه‌زیر كرد، كه‌ پێنجیان وه‌زیری پێشوو بون له‌ حكومه‌تی عێراق.


به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌: له‌مانگی پێشوتردا فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 12 په‌رله‌مانتار ده‌كراوه‌، كه‌ 10 كه‌سیان ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئێستای عێراقن، هاوكات بریكاری وه‌زیرێك و سێ بریكاری وه‌زیری پێشوو و دوو بریكاری وه‌زیری پێشوتر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌ركراوه‌.


له‌به‌شێكیتری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: "فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ پارێزگارێكی ئێستا و 11 پارێزگاری پێشوو و 118 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئێستای پارێزگاكان و 26 ئه‌ندامی پێشوو و 11 ئه‌ندامی پێشوتری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ركردووه‌، هه‌روه‌ها له‌نێوان فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، 32 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تێدابووه‌.