وەزیری كارەبای هەرێم: بەشێكی كارەبای هەرێم دەدرێت بە كەركوك و موسڵ

10/12/2019 - 15:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

وەزیری كارەبای هەرێم لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لەسەر دۆخی كارەبای هەریم رایگەیاند لە ئێستادا بەشێكی كارەبای هەرێم دەدرێت بە كەركوك و موسڵ و لەئێستادا بۆ دابینكردنی هەزار مێگاواتی كارەبای دیكە ١٤٧ ملیۆن دۆلارمان پێویستە.

كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی كارەبا ئامادەی دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستانە و رایگەیاند "بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بە پلەی یەكەم پشت بە گازی سروشتی دەبەستین و لە ئێستادا پێویستمان بە هەزار مێگاواتی دیكەی كارەبا هەیە و بۆئەومەبەستەش پێویستمان ١٤٧ ملیۆن دۆلار هەیە."


راشیگەیاند" پێەیستە راستگۆ بین لەگەڵ خەڵكی كە گرفتی كارەبا هەیەو كێشەی سەرەكی كارەبا شلە سێكتەری دابەشكردنیدایە و پێویستە هەڵمەتێك لە دژی زیادەڕۆیی كارەبا دەستپێبكەین، هاوبەشانی كارەبا زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار قەرزاری حكومەتن".

وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات، پرۆژەی پێوەری زیرەك بكرێتە پرۆژەی نیشتمانی و جەختدەكاتەوە، "دانانی پێوەری زیرەك لەسەرجەم ناوچەكان كێشەكان چارەسەر دەكات، چونكە لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە زیادەڕۆیی لەسەر كارەبا نامێنێت".

ئەمە لە كاتێكدایە، لە ئێستادا دۆخی كارەبای هەرێم لە ئاستێكی خراپدایە و كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی كەمبوونەتەوە و هاوڵاتیانیش ناڕەزای دەردەبڕن و داوادەكەن كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكرێت .