تۆمەتباری دووەمی دۆسیەی سێوان قادر بانگهێشتی دادگا دەكرێت

10/12/2019 - 15:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دادگای تاوانەكانی سلێمانی داوای تۆمەتباری دووەمی دۆسیەی سێوان قادر و هاوسەرەكەی دەكات كە ژنەكە هاوسێیانە و پێشتریش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیركرا و پاشان ئازادكرا.

ئەمڕۆ 10ی كانوونی یەكەمی 2019 لەدادگای تاوانەكانی یەكی سلێمانی، چوارەمین دانیشتنی دادگاییكردنی هاوسەری سێوان قادر بەڕێوەچوو، دواتر دادوەر بڕیاریدا بەدواخستنی دانیشتنەكە بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 19ی كانوونی یەكەم.

پەرچەم قەرەداغی، سەرپەرشتیاری كەمپەینی (ببینە و بێدەنگ مەبە) تایبەت بەدۆسیەی سێوان قادر رایگەیاند: لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا دادوەر داوایكرد بۆ دانیشتنی داهاتوو (س) ئەو ژنەی هاوسێی ماڵی سێوان و هاوسەرەكەی ئامادە بن، ئەو ژنەش پێشتر وەك تۆمەتبار لەو دۆسیەیەدا دەستگیركرا و پاشان ئازادكرا.

پەرچەم قه‌ره‌داغی وتیشی، "جگە لەو ژنە و هاوسەرەكەی، دادوەر داوای گرتە ڤیدیۆییەكی كرد كە لای پورزای سێوانە، لەگەڵ تیمی ئاگركوژێنەوە".

شەوی 16ی كانوونی یەكەمی 2018 لەڕووداوێكدا لەقەزای چەمچەماڵ، سێوان قادر و سێ منداڵەكەی لەماڵی خۆیان سووتان و دواتر گیانیان لەدەستدا، كەسوكاری سێوانیش هاوسەری سێوان بەسوتاندنی سێوان و منداڵەكانی تۆمەتبار دەكەن، بەڵام هاوسەرەكەشی تائێستا ئەو تۆمەتەی رەتكردۆتەوە.