بانكێكی ئەمەریكی قەرز بە هاوڵاتیانی كوردستان دەدات

10/12/2019 - 16:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بە چەند مەرجێك بانكێكی ئەمەریكا قەرز بەو كەسانە دەدات كە كاری بازرگانانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن و كاڵا و كەلوپەلی ئەمەریكی دەهێنن.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی كوردستان رایگەیاند، بانكێكی ئەمەریكی قەرزی درێژخایەن بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەدا، وتی: "بانكی ناردن و هاوردەی ئەمەریكی، بەپێی كۆمەڵێك رێنمایی بڕیاری دا، قەرزی درێژخایەن بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان بدات".


روونيشی كردەوە مەرجی سەرەكی ئەوەیە، ئەو بازرگان و كۆمپانیایانەی كاڵا و كەلوپەل لە ئەمەریكا دەكڕن، قەرزەكە دەیانگرێتەوە، وتیشی: "قەرزەكە بە گشتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڕی 5 ملیار دۆلارە و وەزارەتی دارایی عێراقیش رێكکەوتنی لەگەڵ ئەو بانكە كردووە".


قەرزەكە بواری بازرگانی و پیشەسازی دەگرێتەوە و بڕی پارەكەش بەپێی گرێبەستی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەبێت.


جەختيشی كردەوە، هەر بازرگان و خاوەن كۆمپانیایەكی هاوردە مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت سوودمەند بێت لە قەرزەكە، كە بڕێكی باشە و گەڕاندنەوەكەشی درێژخایەنە، وتیشی: "ئەو قەرزە تەنیا بۆ ئەندامی ژوورە بازرگانییەكان، یان یەكێتیی هاوردە و هەناردە نییە، بەڵكوو بۆ هەموو بازرگان و خاوەنكارێكە".

گەیلان حاجی سەعید بۆ باس ئاشكراشی كرد، یەكەمین جارە بانكێكی ئەمەریكی قەرز بداتە بازرگانانی كوردستان، دەشڵێت: "كارەكە بە گرنگ و باش دەزانین و هاوكارییەكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە دەتواندرێت بۆ پڕۆژە بنەڕەتییەكان سوود لەو قەرزە وەربگیرێت".


مەرجی بانكەكە ئەوەیە، كە دەبێت بازرگانەكە كاڵا و كەلوپەلەكان لە كۆمپانیای ئەمەریكی بكڕێت و گرێبەستی هەبێت.


لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، شاندێكی باڵای بازرگانانان و وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی سەردانی هەولێریان كرد و جەختیان لەوە كردەوە، كە دەیانەوێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.


بەرپرسەكەی هاوردە و هەناردە وتیشی: "كاڵا و كەلوپەلی ئەمەریكی كوالێتییان باشە، بۆیە قەرزەكە شتێكی باشە و هێنانی كاڵای ئەمەریكيیش باشە بۆ كوردستان".