هەندێ لایەنی عێراق دژی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدان

10/12/2019 - 17:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەولێر و بەغدا  رایده‌گه‌یه‌نت ئەو دەستەواژانە ڕاست نین، كە دەڵێن حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی نیە پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات.

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەولێر و بەغدا، لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە چەند تەوەرێكمان باسكرد لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها باسمان لەهەنگاو و بەرنامەی هاوبەشكرد بۆ چارەسەركردنی كێشە ڕۆژانەییەكانی ئەو ناوچانە كە دێنە پێشمان، هەروەها دەست پێكردنەوەی دانووستان لەگەڵ حكومەتی عیراق.

دەشڵێت: “دەزانن حكومەتی ئێستا حكومەتی كاربەڕێكەرە و هێزە سیاسیەكان بەنیازی دروستكردنی حكومەتێكی نوێن، جارێكی تر هەر حكومەتێك دروست ببێت ئەولەویەتی حكومەتی هەرێم لەدانووستانەكان چارەسەكردنی كێشەی ئەو ناوچانە دەبێت”.

لەبارەی پڕۆژەكەی لەلایەن هەرێم دراوە بەعیراق وتی، “پڕۆژەكەی ئێمە لەسەر دوو ئاستە، یەكەمیان ئاسایی كردنی بارودۆخی كەركوك و ناوچەكانی تری ماددەی ۱٤۰، هەروەها چارەسەر كردنی كێشەی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و سەربازی، هەروەها قۆناغی دووەمیش جێبەجێكرنی ماددەی ۱٤۰ە، بۆیە پڕۆژەكەیان وردەكاری زۆری تێدایە و چاوەڕوانن حكومەت دروست ببێت و گفتووگۆی لەگەڵ بكەین و بگەین بەڕێككەوتن”.

لەبارەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر‌ یاسای بودجە وتی، “ڕۆژی یەك شەممە حكومەت دەستی لەكاركێشایەوە و هەر ئەو ڕۆژەش دەسەڵات درایە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی مسادەقەی پڕۆژەكەن بكەن و داڕشتنەوەی كۆتایی بۆ بكەن، لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە ڕۆژێك دوواتر ڕێككەوتنمان كرد، بۆیە ئەو دەستەواژانە ڕاست نین، كە دەڵێن حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی نیە پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات، بەڵكو تەنها لەپەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن باسی لەوەكردووه، بەڵام بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی كە بۆ ئەمساڵ بەركار دەبێت، ئەوە بەڕوونی باسكراوە، كە حكومەت كاربەڕێكەر بێت یان نا دەتوانێ یاسای بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات، چوونكە پەیوەندی بە خەڵك و دامەزراوەكان هەیە پێشتریش لەسەردەمی مالكی ئەوە كراوە، هیوادارین هیچ لایەنێك ئەوە نەكاتە بیانوو”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێم وانیە ڕێككەوتنەكە بگەڕێتەوە خاڵی سفڕ، چونكە ڕێككەوتنەكە لەبەرژەوەندی هەردوولایە، هەندێ لایەنی عیراق خۆیان دژی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدان، ئەمەش شتێكی ترە