لیژنه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌

14/01/2020 - 10:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، لەم نزیکانە بڕیارە لێژنەی دانوستانکار و پەرلەمان لە نێو بینای پەرلەمان کۆببنەوە لە بارەی ھێڵە گشتییەکانی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا.

ھێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ١ی ٢٠٢٠ لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: ”ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، لێژنەی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمیی کوردستان بانگێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا و گفتوگۆ لەسەر ھێڵە گشتییەکانی دانوستانی ھەولێر و بەغدا بکرێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: هەوڵ دەدەن لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی شاندی دانوستانکاری حکوومەت لە پەرلەمان ئەنجام بدەن.

ئەم قسانەی هەورامی دوای ئەوە هات کە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە دوو ڕۆژدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی کرد.