ورده‌كاری رێكکه‌وتنی عێراق و چین له‌ "كوردیو" بخوێنه‌وه‌

15/01/2020 - 15:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەردانی چینی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەبارەی رێککەوتنی بازرگانی هەردو وڵات رێککەوتنیان واژۆکرد.

به‌گوێره‌ی ده‌قی ره‌شنوسی رێککەوتنی حکومەتی عێراق و چین، ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌بێ سه‌پاندنی مه‌رجی قورس له‌نێوان هه‌ردولا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌كاتی دروستبونی گرفت و تێكچونی كه‌شی په‌یوه‌ندیه‌كان دسته‌ی باڵای نێوده‌وڵه‌تی نێوه‌ندگیری ده‌كات. 

ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژانه‌ حكومه‌تی عێراق داهاتی  100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌ردو كۆمپانیای (زنهوا، سینوك)ی چین-ی ده‌فرۆشێت، لایه‌نی چین-یش دڵنیایی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای دڵنیایی وڵاته‌كه‌ی به‌ناوی "ساینۆ شور"ی حكومی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.

لە رێککەوتنەکەی عێراق و چین باس لەوەکراوە، ئاستی به‌شداری بانكی چین بۆ سندوقی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردولا 10 ملیار دۆلار ده‌بێت، به‌سودی پشتگیریكراوی حكومه‌تی چین، له‌ حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان، عێراق رێژه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ كۆمپانیا چینیه‌كان بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا زیاد ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا چین رێژه‌ی پێدانی پاره‌ بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد ده‌كات.ئەوەش خراوەتەڕو، ژماره‌یه‌كی بانكی له‌ "ست بانك" له‌سه‌ر هه‌ژماری بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مریكا لە نیویۆرک دروستده‌كرێت و پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ژماره‌ بانكییه‌، هاوكات هه‌ژمارێكی بانكی به‌ناوی به‌شی خزمه‌تگوزاریه‌كان (repay account)  دروستده‌كرێت و تایبه‌ت ده‌بێت به‌ڕێژه‌ی سوی ئه‌و پارانه‌ی بۆ وه‌به‌رهێنان ته‌رخانده‌كرێن.

لە رێککەوتنی عێراق و چیندا هاتوە، پاره‌كانی سندوقه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردو وڵات بۆ هه‌ریه‌ك له‌بواره‌كانی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌، خوێندنگه‌، قیرتاوكردنی رێگاوبانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، دروستكردنی هێڵی ئاسنین، پاكردنه‌وه‌ی پیسبونی ئاوی دیجله‌ و فورات و شه‌تولعه‌ره‌ب، دروستكردنی یه‌كی نیشته‌جێبون، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی وزه‌، پرۆژه‌كانی ژێرخان، جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی عێراق تەرخاندەکرێت. 

ئەوەش هاتوە، "له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر تێچوی یه‌كێك له‌ پرۆژه‌كان له‌سه‌روی ملیارێك دۆلاره‌وه‌ بو، له‌ناو سندوقی هاوبه‌شی هه‌ردولاش 850 ملیۆن دۆلار هه‌بو، 150 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن چین و فرۆشی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ دابینده‌كرێت".

ئەوەش باسکراوە، پێویست بو له‌ 1-10-2019ه‌وه‌ ده‌ست به‌فرۆشتنی نه‌وت به‌بڕی نیو ملیار دۆلار بكرێت و چینیش ئاماده‌یی بۆ دابینكردنی 10 ملیار دۆلار ده‌رده‌بڕێت و یه‌كه‌م پرۆژه‌ش بۆ جێبه‌جێكردن دیاریده‌كرێت، به‌ڵام گۆڕینی حكومه‌تی عێراق بۆ حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر توانای واژۆكردنی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ی نامێنێت. 

هاوكات، عه‌لی ته‌میمی، پسپۆری یاسایی عێراق رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی نێوان عێراق و چین هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ چونكه‌ حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێت بینێرێته‌ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی، تا حكومه‌تی نوێی عێراقیش پێكنه‌هێندرێت، رێكکه‌وتنه‌كه‌ ناخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.