خشتەیەكی نوێی مووچە ڕادەگەیەنرێت

15/01/2020 - 15:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرەڕای بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە لە 5ی هەموو مانگێكەوە، بەڵام  به‌رده‌وام دابەشكردنی مووچە بدواده‌كه‌وێت و له‌ ئیستاشدا حكومەتی عیراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بەم زووانە خشتەیەكی دیكەی مووچە بڵاودەكرێتەوە.

عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق ڕایگەیاندووە، دوێنێ‌ سێ شەممە ١٤ی ١ی ٢٠٢٠، حكومەتی عیراق ڕەزامەندی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نارد و ئێمەش پارەكەمان داوەتە وەزارەتی دارایی هەرێم.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خێراتر دەكات.

به‌ پێی زانیاریه‌كان كە ماوەی سێ‌ ڕۆژە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران دەستی پێ‌ كردووە و بەپێی خشتەی ڕاگەیەنراو لە وەزارەتی داراییەوە سبەینێ‌ مووچەی وەزارەتی دارایی خەرج دەكرێت.

بەهۆی گەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، سبەینێ‌ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان بڵاودەكرێتەوە.