ئەنجومەنی وەزیران لەباره‌ی پرۆژە یاسای چاکسازی ڕاگه‌یه‌ندراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

15/01/2020 - 16:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامانج لە پڕۆژە یاسای چاکسازی رێکخستنەوەی موچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و موچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە نابڕدرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، کە بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەربدات.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی تیشکی خستوەتە سەر سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لەگەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دوپاتیشی کردەوە، ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی موچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیاییشیدا کە موچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت، لە مبارەیەوە بڕیاردرا رونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public Private Partnership (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەکی یاسایی رون وئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.