ڤایرۆسیكی كوشنده‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم

22/01/2020 - 12:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ماوەی چەند رۆژێكە ڤایرۆسێكی كوشندە و مەترسیدار لە چین بڵاو بووەتەوە و گەیشتووەتە كۆمەڵێك وڵاتی تری دنیا. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان خەریكی وەرگرتنی رێوشوێنی پێویستە بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كوردستان.
 
بەهۆی  ڤایرۆسەكەی چین كە لە خێزانی كرۆنایە و هێشتا هیچ ناوێكی دیاریكراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، لە چین نزیكەی 600 كەس تووشبوون و نۆ كەسیش گیانیان لە دەست داوە. ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە ئەمەریكا، ژاپۆن، تایلەند و كۆریای باشوور و زیاتر لە رێی ئەو كەسانە دەگوازرێتەوە كە سەردانی چین دەكەن.
 
هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی  پتەوی بازرگانی لەگەڵ چین هەیە و رۆژانە بازرگانانی كوردستان سەردانی چین دەكەن و لەو وڵاتە شتومەك هاوردەی كوردستان دەكەن، بۆیە مەترسی ئەوە لە ئارادایە ڤایرۆسەكە بۆ كوردستانیش بگوازرێتەوە.
محەمەد قادر، ووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یانددوه‌: " 
باسی لەوە كرد كە ئەم ڤایرۆسەی لە چین بڵاو بووەتەوە، جۆرێك ڤایرۆسی نوێیە كە خۆشبەختانە لە كوردستان بەدوور بووە و هیچ حاڵەتێكی لێ تۆمار نەكراوە. ئەو گوتی ڤایرۆسەكە لە سەرەتادایە و تەنانەت لە هەموو چینیش بڵاو نەبووەتەوە و تەنیا پارێزگایەكی ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە، وەك هەنگاوی كردەنی تا ئێستە هیچیان نەكردووە، بەڵام خەریكی هاوئاهەنگین چ لەگەڵ پاراستنی تەندروستی كوردستان و چ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست لە بەرانبەر ڤایرۆسەكە بگرنەبەر.