یەكگرتوو و یەكێتی: ئەو كێشانەی كە لەهەرێمدا هەن، كاریگەریان لەسەر ژیانی خەڵك جێهیشتووە

23/01/2020 - 12:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەربەیانی ئەمڕۆ (23/1/2020) وەفدێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لەلایەن وەفدێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێشوازییان لێكرا. 

 

لە كۆبونەوەیەكدا، دۆخی سیاسی كوردستان‌و عێراق و ناوچەكە، پەیوەندیی دۆستانەی لەمێژینەی نێوان هەردوولا تاوتوێ‌ كران، بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەشەوە، هەردوولا پیرۆزباییان لە یەكتر كرد و هیوایان خواست، سەركەوتنی كۆنگرەی هەردوولا ببێتە ماییەی تەبایی‌و بەدیهێنانی ئامانجەكان، بەمەبەستی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان.


یەكێتی و یەكگرتوو، جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوانیان كردەوە، بەجۆرێك، كە لەبەرژەوەندی یەكریزی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵك بێت.


لەبارەی دۆخی ئالۆزی عێراق و ناوچەكەیش، هەردوولا هاوڕابوون، یەكگرتووی و هاوهەڵوێستی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و یەكهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانیەكان پێویستیەكی چارەنوسازی ئەم قۆناغەیە و بە سیاسەتێكی هاوبەش‌و ژیرانەی كوردستانیانە، كوردستان لە مەترسیەكان دەپارێزرێ‌.


ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، ئەو كێشانەی لە كۆمەڵگای كوردستاندا هەن و كاریگەریان لەسەر ژیانی خەڵك جێهێشتووە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوو، هەردوولا كۆك بوون، كە سەرباری ئەركە سیاسی‌و حزبیەكان، لایەنە سیاسیەكان رۆڵیان هەبێت لەچارەسەركردنی ئەو كێشانە و رێگەگرتن لە تەشەنەكردنیان، كە كاریگەریی خراپیان بۆ سەر كۆمەڵگا هەیە، كە پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەریان بكات.