دەزگای لوتكە لەبارەی تەرمی كۆچبەرە كوردەكانەوە وەڵامی حكومەتی هەرێم دەداتەوە

23/01/2020 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت كە ئەوان هێنانەوەی تەرمەكانی یەختە نقومبووەكەی دەریای ئایۆنیان لە ئەستۆ گرتووە نەك حكومەتی هەرێم.

ڕاگەیەندراوێك لە دەزگای لوتكەوە بۆ ڕای گشتی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣/١/٢٠٢٠، لەدوای ئەوەی دەزگاكەمان هەواڵی گێڕانەوەی تەرمەكانی ڕووداوە نەخوازراوەكەی یۆنانی بڵاو كردەوە، وتەبێژی حكوومەتی هەرێم، بەڕێز جوتیار عادل ڕاگەیەندراوێكی فەرمیی بەناوی حكوومەتەوە بڵاو كردۆتەوە. ئێمە وەك دەزگای لوتكە سەرەڕای ڕەتكردنەوەی سەرلەبەری ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێزیان، ڕایدەگەیەنین كە:

١/ لە یەكەم ساتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەوە دەزگای لوتكە و نوێنەرە خۆبەخشەكانی بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ كەیسەكەدا كردووە و دەستبەجێ دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و گشت كاروبارە یاساییەكانمان بە هاوكاریی باڵیۆزخانەی عیراق لە وڵاتی یۆنان جێبەجێ كردووە.
٢/ بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەكان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆفایلی دی ئێن ئەی لەلایەن دەزگاكەمانەوە لە كەسوكاری قوربانییەكان وەرگیراوە و بە وردی لەلایەن دەزگای لوتكەوە كاری لەسەر دەكرێت.
٣/ لەلایەن دەزگاكەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، كاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەكان جێبەجێ كراوە و ئەركی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان.
٤/ تێچووی گێڕانەوەی تەرمەكان و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەكان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ.

سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، ڕایدەگەیەنین كە حكوومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوكار نەبووە لەم كەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و بەڕێز جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو كردۆتەوە كە لێرەدا دەیخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز:
١/ بەڕێزیان ڕایانگەیاندووە كە ئەم كارەساتە لە دەریای ئیجە ڕوویداوە، لە كاتێكدا كە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، كە دەكەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا.
٢/ ناوی ٤ لە پەنابەرەكانی بە هەڵە بڵاو كردۆتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەكانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتووە كە تیایدا لەسەر سندووقی تەرمەكان ناوەكان بە شێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتكە بڵاوی كردبۆوە.

بۆیە ئێمە وەك دەزگای لوتكە بە مافی خۆمانی دەزانین كە ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕای گشتی بڵاو بكەینەوە تاكو ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەڕوات و حكوومەتیش هەموو دەستكەوتەكان نەكاتە موڵكی خۆی. گشت بەڵگەكان لای دەزگای لوتكە پارێزراون و پێشتریش بەشێك لەوانە لەلایەن دەزگاكەمانەوە بڵاو كراونەتەوە. ئێمە خوازیار بووین حكوومەتی هەرێم بە ئەركی خۆی هەڵبستایا و ئەو كاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەكردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەو كارانە جێبەجێ بكەین. هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە ئەگەر حكوومەتی هەرێم هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان كەیسی تریان ڕادەست بكەین تاكو ئەوان بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ كەیسی بێسەروشوێن بوونی سەدانی دیكە.

ڕاگەیاندنی دەزگای لوتكە
٢٣/١/٢٠٢٠