هاوڵاتیەكی چینی‌ كە لە كۆرۆنا ڕزگاری بووە، ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكات

06/02/2020 - 12:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

خاتوونێكی چینی كە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێپەڕاندووە و چاكبووەتەوە، ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكات كە پێویست ناكات لێی بترسن، بەڵام بە گشتی خۆتان بپارێزن و رێكاری پێویست لە دژی نەخۆشییەكە بگرنەبەر.

 

هو جیانگ، تەمەن 44 ساڵ، ئێستا بە تەواوەتی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ چاكبووەتەوە و لەسەر بڕیاری پزیشكانیش نەخۆشخانەی جێهێشتووە.

 

ئەو ژنە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی رایگەیاندووە: كاتێك بۆ بەسەربردنی ئاهەنگی سەری ساڵی چینی چووەتە ماڵەوە، لە 15/1/2020، هاوسەرەكەی زانیویەتی تەندرووستی باش نییە، بۆیە گواستوویەتەوە نەخۆشخانە و بۆ چەند رۆژێك لەوێ بە ئەنجامی باشەوە گەڕاوەتەوە.

 

هو جیانگ لە 21/1/2020 گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی سانسیای ناوەندی لە وانژهۆ، لەوێ جیاكراوەتەوە و نەخۆشییەكەی دەستنیشانكراوە، كە هەوكردنی سییەكان بووە بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.

 

جیانگ باس لەوەش دەكات، كە پزیشكان چەند دژە ڤایرۆس و بەكتریایەكیان پێداوە و پزیشكی كۆنی چینیش بۆ چارەسەرییەكەی بەكارهێنراوە، دوای ئەو رێكارە پزیشكیانەش تەندرووستی باشتر بووە و نیشانە ئەرێنییەكانی لێ دەركەوتووە، بۆیە پزیشكان رایانگەیاند كە نەخۆشییەكەی چارەسەر كراوە و رەوانەی ماڵەوەیان كردووەتەوە.

 

جێگەی باسە تا ئەمڕۆش نزیكەی 28 هەزار و 276 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراوە، كە زۆربەیان لە وڵاتی چینەو ژمارەی مردووانیش گەیشتووەتە 565 كەس، ئەوانەشی كە چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە ژمارەیان هەزار و 173 كەسە.