قوباد تاڵەبانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئە‌مینداری گشتی یە‌كگرتووی ئیسلامی كرد

06/02/2020 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دەقی پەیامەكە...

بەڕێز مامۆستا سە‌ڵاحە‌دین بەهادین ئە‌مینداری گشتی یە‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

سەركردایەتی و ئەندامان و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بە بۆنەی بیست و شەشەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە چەپكە گوڵی پیرۆزباییتان ئاڕاستە‌ دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتر بۆ ئەم كاروانە ئیسلامییە مەدەنییە كوردستانییە دەخوازم.

بە هیوام ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتوو وێستگەیەك بێت بۆ بەهێزكردنی فرەیی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە كوردستان لەسەر بنەمای تەبایی و لێكتێگە‌یشتنی نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانی و كوردستانییەكان لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.

دەستخۆشی لە شێوازی كاری میانڕەوانەی یەكگرتوو دەكەین و شانازیی بە دۆستایەتی دێرینی ڕابەری كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال و سەركردایەتی یەكگرتوو دەكەین لە سەرجەم قۆناغ و وێستگە جیاجیاكان، چاوەڕوانی ئەوەشین بە هەموولا هاوكار و پاڵپشت بین بۆ سەرخستنی كارنامەی چاكسازیخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئامانج و خواستی لە مێژینەی هەموو هێزێكی چاكەخواز و نیشتمانپەروەرەكانی كوردستانە سەرباری جیاوازی ئینتیما و ئاڕاستە و پێگەیان.

جارێكی دیكە ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتوو پیرۆز بێت و هەمیشە شاد و سەرفراز و سەركەوتوو بن.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران