ماكرۆن: فەرەنسا خاوەنی نزیك بە 300 كڵاوەی ئەتۆمییە

09/02/2020 - 12:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەركۆماری فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت: وڵاتەكەی خاوەنی نزیك بە 300 كڵاوەی ئەتۆمی جەنگییە و فەڕەنسا دەست بەكار دەبێت بۆ دانانی بناغەی ستراتیجێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی.

 

ئیمانوئێل ماكرۆن سەركۆماری فەڕەنسا لە میانەی وتەیەكیدا لە كۆلێژێكی سەربازی فەڕەنسا باسی لە ستراتیجی بەرگری وڵاتەكەی كرد، ڕایگەیاند: پرسی كۆنتڕۆڵكردنی چەك لە وڵاتانی ئەورووپادا پێویستی بە كارنامەیەكی هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە و فەرەنسا دەست بەكار دەبێت بۆ دانانی بناغەی ستراتیجێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی كە ببێتە جێگای زۆرترین بایەخی هاوپەیمانە ئەورووپییەكانی.

 

سەركۆماری فەرەنسا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی خاوەنی نزیك بە 300 كڵاوەی ئەتۆمی جەنگییەو ئاسایشی دوورمەودای ئەورووپا پەیوەستە بە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی بەهێز لەگەڵ ئەمریكا، ئاسایشی فەڕەنساش بەندە بە زیاد كردنی توانا سەربەخۆكانییەوه.