سلێمانی... پەیجێكی نافەرمی خوێندنی پەیمانگایەكی ڕاگرت

09/02/2020 - 14:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پەیجێكی نافەرمی دەوامی ڕەسمیی خوێندن لەپەیمانگای تەكنیكی سلێمانیی ڕادەگرێت، بەبێئەوەی ھیچ فەرمانێكی راگەیاندراوی راگرایەتیی پەیمانگای ھەبێت و مامۆستایەكی زانكۆش داوا دەكات ئەو جۆرە گاڵتەجاریانە ڕابگرن .

 

شوان ئامادەم مامۆستا لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: " پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی " ناوی پەیجێكی نارەسمییە و لەلایەن كۆمەڵە خوێندكارێكەوە بەڕێوەدەبرێت، لەنوێترین داھێنانیاندا، دوێنێ شەو پۆستێك لەبارەی راگرتنی دەوامی ئەمڕۆوە بڵاودەكەنەوەو بەھۆیەوە سێ بەشی خوێندكارانی بەشە جیاوازەكانی ئەو پەیمانگایە ناھێنەوە بۆ دەوام.

 

ئەوەشی خستەڕوو: ھەڵبەت ئەمە جاری یەكەم نییە كە دەوامی خوێندن لەم پەیمانگاییەدا بەھۆی ئەم پەیجە نارەسمییەوە رادەگیرێت، چونكە دوای پشووی سەری ساڵی خوێندنی ئەمساڵیش لەبری ئەوەی ٧/١ دەست بەخوێندن بكرێتەوە، بەھۆی كەوتنەژێر كاریگەری ھەمان پەیج خوێندكاران لە ١٢/١ دەستیان بەوانەخوێندن كردەوە!

 

ئاماژەی بەوەشكرد: پرسیاری جدی ئەوەیە "ھۆكاری دانەخستنی ئەم پەیجە چییە كە خودی راگرایەتیی پەیمانگا دەزانن كێ ئەدمین و سەرپەرشتیاریەتی؟ ھەر بەراست زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا تاكەی لەم بێسەرەوبەرەیە خۆی بێدەنگ دەكات كە بەھۆیەوە تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێنرێن؟، ئایا كاتی رەسمیی دەوامی خوێندن زۆری ماوە" تاوەكو ئاوا بەمشێوەیە كۆمەڵە خوێندكارێك یاری بەخشتەی ساڵانەی وانەخوێندن و تەواونەكردنی مەنھەج و كات و كاری مامۆستا و ستافی ئیدارییەوە بكەن؟ ئەی باشە كوا روونكردنەوەی رەسمیی پەیمانگا، زانكۆ و وەزارەت لەسەر بەدرۆخستنەوەی یان راستكردنەوەی؟ ئەترسم ئەمە ئامادەكاریی بێت بۆ زنجیرە پشووی بارینی بەفر و گیا سەوزبوونەوەی بەھار و نەورۆز؟!.

 

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەی خستەڕوو: ھیودارم خێرۆمەندێك خۆی بەبەرپرسیار بزانێت و ئەمجۆرە گاڵتەجاریانە راگرێت .