ژیانی لەمەترسیدایە، زیندانیەكی چاكسازیی گەورانی سلێمانی دەمی خۆی دەدورێتەوە

10/02/2020 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی هەستكردن بە نادادپەروەری لە كەیسەكەیدا، زیندانیەك لە گرتوخانەی چاكسازیی سلێمانی دەمی خۆی دوریوەتەوە و ژیانی لەمەترسیدایە.


فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بڵاویكردەوە كە زیندانیەك لە گرتوخانەی چاكسازیی سلێمانی بە ناوی هەستیار هۆشیار پێشتر لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی مافپەروەر بوە و لەئێستادا لە گرتوخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی ژیانی لە مەترسیدایە.

 

ئەوەشی خستەڕوو: بەوتەی ناوبراو سكاڵاكار و دادگا لە كەیسەكەیدا هەمان لایەنن، پاش بە دواداچون پێمانوایە شمول نەكردنی ناوبراو بە یاسای لێبوردنی گشتی بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە سیفەتی پێداچونەوە، جۆرێك لە پێشێلكاری یاسایی تێدایە و هۆكارەكانی بڕیارەكەش بەدەرە لە یاسای لێبوردنی گشتی.

 

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داواش دەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتەنگ كەیسەكەوە بچن و دادگا یاساییانە و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بكات.