پەرلەمانتارێك: ئازادكردنی بەمەرج ئەوانە ناگرێتەوە كە بەماددەی تیرۆر سزا دراون

10/02/2020 - 10:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی لیژنەی كۆمەڵایەتیی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ژمارەیەك سزادراو لەنێو چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان داوای ئازادكردنی بەمەرج دەكەن، بەپێی یاسا ئازادكردنی بەمەرج ئەوانە ناگرێتەوە كە بە ماددەكانی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر سزا دراون.

 


زانا مەلا خالید، ئەندامێ لیژنەی كۆمەڵایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: لیژنەی كۆمەڵایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ مەرجەكانی ئازادكردنی حوكمدراوانی نێو چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات، چونكە بەپێی یاسا بەشێك لە سزادراوان بەمەرج ئازاد دەكرێن، بەڵام سزادراوانی ھەندێ ماددە ناگرێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو: بەشێك لەوانەی داوای ئازادكردنی بەمەرج دەكەن، ئەو یاسا نایانگرێتەوە، چونكە ئەوانەی بە ماددەكانی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر سزا دراون، ناتوانن بە مەرج ئازاد بكرێن.

 

جێگەی باسە پێشتر سەرچاوەیەك لە ناو زیندانیانی چاكسازی گەورانی سلێمانی بە كوردیوی ڕاگەیاند: ژمارەیەك لە زیندانیان مانیانگرتووەو داوای سودمەندبونیان لە یاسای ئازادكردنی بەمەرج دەكەن.