حه‌وت كادیر و ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بێ سه‌روشوێنن

10/02/2020 - 18:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو...زۆرترین زانیاری

وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا حه‌وت كادیر و ئه‌ندامیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ سه‌روشوێنن، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات دۆسیه‌ی ئه‌و كادیرانه‌یان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی شوباتی 2020 بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان له‌سه‌ر زاری عه‌بدوڵا وه‌رتی، وته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كادیرو ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ژماره‌یان حه‌وت كه‌سه‌ تا ئێستا بێ سه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره‌ له‌ هه‌مان كاتدا چه‌ندین جار دۆسیه‌ی ئه‌و بێسه‌روشوێنانه‌یان داوه‌ته‌ به‌رپرسانی باڵای پارتی و یه‌كێتی و دادگاكان و په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ سۆراخێكی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌.

وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی راشیگه‌یاند: بێ سه‌روشوێنكردنی ئه‌م كادیرو ئه‌ندامانه‌مان بۆته‌ مایه‌ی سه‌رگه‌درانی چه‌ندین خێزانی خێر له‌خۆ نه‌دیو كه‌ تا ئێستاش وێڵ و سه‌رگه‌ردانن به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسی رۆڵه‌كانیان، ئایا ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ده‌سه‌ڵات جێگه‌ی پرسیار و نیگه‌رانی نییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌كمان كه‌ ئاوا كه‌مته‌رخه‌م و بێباك بن له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی ده‌یان خه‌ڵكی بێ سه‌روشوێن كراو و بێتاوان، گرنگه‌ دادگاكان و لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م دۆسییانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌و بڕیاریان هه‌بێت.