سه‌رۆكی هه‌رێم یاسایه‌كی گرنگی په‌سه‌ند كرد

11/02/2020 - 15:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو...زۆرترین زانیاری

سەرەڕای داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ رەتکردنەوەی، سەرۆکی هەرێم یاسای ریکلامی ئیمزا کردو لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوەو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای کەمتر لە مانگێک لە پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، رۆژی 4/2/2020 سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای رێکخستنی ریکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، کە لە هەشت ماددەو هۆیەکانی دەرچوون پێکهاتووەو تایبەتە بە رێکخستنی بواری ریکلام لە میدیاکاندا، بەپێی یاساکە پێویستە هەر ریکلامێک مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری بەرهەمەکەی بۆ وەربگیرێت پێش بڵاوکردنەوە.

یاساکە رادەی تیشکی رووناکی ریکلامی ئەلکترۆنی سەر شەقامەکانی دیاریکردووە، هەروەک کردوویەتی بە مەرج، دەبێت ئامرازەکانی میدیا ریکلامی هۆشیاری نیشتمانی، رۆشنبیری، تەندروستی، هاتوچۆو ئەو ریکلامانەی تایبەتن بە پاراستنی ماف مرۆڤ و ژنان، بێبەرامبەر بڵاوبکەنەوە، بۆ تەلەفزیۆنەکان لە یەک خولەک بۆ چوار خولەک لەماوەی 24 سەعات و بۆ چاپکراوەکانیش بەپێی رێنمایی وەزارەتی رۆشنبیریی.

ماددەی سێی یاساکە، ئەو ماددەیە بوو کە ژمارەیەک پەرلەمانتار بە لاستیکییان دەزانی و داوایان لە سەرۆکی هەرێم کرد رەتی بکاتەوە، تیایدا هاتووە: هەموو ئەو ریکلامە بازرگانییانەی کە پێچەوانەی سیستمی گشتی، ئادابی گشتی، ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی و مافەکانی مرۆڤن رێگەپێنەدراون لە هەرێمی کوردستان.

رۆژێک دوای پەسەندکردنی یاساکە، ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، رایانگەیاند: لابردنی ماددەی 3 زیانێکی زۆری بە یاساکە گەیاندووە، پێشتر لە پڕۆژەکەدا 27 بڕگە وەک قەدەغەکراوو رێگەپێنەدراو دیاریکرابوون، کە نابێت میدیا خۆی لە قەرە بدات و ریکلامیان بۆ بکات، بەڵام دواتر کۆی مادەکە لە چەمکەکانی ئاسایشی گشتی و سیستمی گشتی و دابونەریت کۆکراوەتەوە، کە نابێت ریکلامی بۆ بکرێت، لەکاتێکدا چەندین رێگەپێنەدراو هەیە پەیوەندیی بەم پرسانەوە نییە، بۆیە ئەو سێ دەستەواژەیە لاستیکین و زیان دەگەیەنن بە بابەتی ریکلام.

بەشێکی دیکەی یاساکە تایبەتە بە سزاکان، بەپێی مادەی چوار هەرکەسێک بەمەبەست ریکلام لێبکاتەوە یان بیدڕێنێت، یان بیشێوێنێت سزا دەدرێت بە بڕی 250 هەزار بۆ 1.000.000 یه‌ك ملیۆن دینارو پابەند دەکرێت بە چاککردنەوەو دانانی ریکلامەکە وەکخۆی، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوو، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکە سزاکە دوو هێندە دەکرێت، ئەگەر سزایەکی توندتر هەبوو بۆ ئەو کردارە تاوانکارییە لە یاسا کارپێکراوەکان، ئەوا سزا توندەکە جێبەجێ دەکرێت.

بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی رۆشنبیریی؛ گرنگ جێبەجێکردنی یاساکەیە، ئەگەر یاساکە جێبەجێبکرێت کاریگەریی دەبێت لەسەر رێکخستنەوەی بواری ریکلام و ئەو بێسەروبەرییەی هەیە، هەروەها پرسی لێکردنەوەی پۆستەری ریکلام و بانگەشەی هەڵبژاردن و کاندیدەکانیش دەچێتە ژێر بڕگەی چواری یاساکەوە، لەمەودوا هەرکەس لێیانبکاتەوە، بەپێی ئەو یاسایە سزا دەدرێت.