دوای 13 ساڵ، ئێستاش دەوترێت هێزەكانی پێشمەرگە یەكدەخرێن

12/02/2020 - 09:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت:  پرۆژەیەكی 36 خاڵی بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری ڕاوێژكارانی ئەمەریكا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا هەیە، بەتایبەت بڕیاری یەكخستنەوەی پێشمەرگە بووەتە بڕیاری فەرمی حكومەتی هەرێم و بەشێكە لە یاسای چاكسازی.

 

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان، لەڕووی ناردنی ڕاوێژكار و مەشقپێكردنی پێشمەرگە و ناردنی چەك و تەقەمەنیەوە، هاوكاری زۆری پێشمەرگەیان كردووە.

 

جەختیكردەوە: یارمەتیەكانی ئەمەریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە زیاتربوون لە وڵاتانی تری هاوپەیمان، لەڕووی چەكداركردن و هاوكاری ئاسمانی و دابینكردنی خۆراك، بە تایبەت ماوەی چەند ساڵێكە بڕێك بودجەشی بۆ موچەی هێزەكانی پیادەی پێشمەرگە تەرخانكردووە، كە ڕۆڵیان هەبووە لە شەڕی داعشدا.

 

سەبارەت بە بڕی ئەو بودجەیەی ئەمەریكا مانگانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانی دەكات، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وتی: ئەمەریكا مانگانە نزیكەی بیست ملیۆن دۆلار بۆ موچەی نزیكەی 36 هەزار پێشمەرگە دابین دەكات.

 

جەبار یاوەر، ڕوونیشیكردەوە هیچ نوسراوێكی نەبینیووە سەبارەت بە مەرجی ئەمەریكا بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە، باسیلەوەكرد پێشمەرگە چالاكانە شەڕی داعشی كردووە، حكومەتی هەرێمیش لەبەر قەیرانی دارایی، نەیتوانیووە مانگانە موچەكانیان بەشێوازێكی ڕێك و پێك دابین بكات، وتی: بۆیە حكومەتی ئەمەریكا بڕێك یارمەتی تەرخان كرد بۆ موچەی پێشمەرگە، تا هەرێم بتوانێت موچەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بدات.

 

لەبەشێكی تری گفتووگۆكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا،ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەهەوڵەكان بۆ یەكگرتنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد، ڕایگەیاند: پرۆژەیەكی 36 خاڵی بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری ڕاوێژكارانی ئەمەریكا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا هەیە، بەتایبەت بڕیاری یەكخستنەوەی پێشمەرگە بووەتە بڕیاری فەرمی حكومەتی هەرێم و بەشێكە لە یاسای چاكسازی.

 

سەبارەت بەو زانیاریانەی لە ئارادان، گوایە هێزەكانی 70 و 80 ی سەربە پارتی و یەكێتی، لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە شێوەی لیوا و یەكەی سەربازیدا رێكدەخرێنەوە و ناخرێنە سەر وەزارەت، جەبار یاوەر وتی"كۆبوونەوەی بەردەوام هەیە لەنێوان وەزارەت و هێزەكانی 70 و 80 تا میكانیزمێكی گونجاو بۆ یەكخستنەوەیان بدۆزرێتەوە، لەڕووی كارگێڕی و دارایی و فەرماندەییەوە."



جێگەی باسە پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستیپێكردووە، لەو ساڵەدا لەسەر بڕیاری سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی و سەرۆكی پارتی، دوو لیژنەی باڵا لە نێوان یەكێتی و پارتی پێكهێندرا، بۆ یەكخستنەوەی هەردوو وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانی، سەرەنجام ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری یەكخستنەوەی هەردوو وەزارەتە دەرچوو و هەردوو وەزارەتەكە كرانە یەك وەزارەت.