كاره‌بای نیشتیمانی زیاد ده‌كات

13/02/2020 - 11:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری کارەبا رایدەگەیەنێت؛ مانگی داهاتوو پڕۆژەی وێستگەی هەڵمی خەبات ته‌واو ده‌بێت و بەوەش (200) مێگاوات كاره‌با زیاد ده‌كات.

رۆژی چوارشەممە 12-2-2020، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا لەگەڵ جۆی کوای شین، کونسوڵی گشتی کۆریای باشور لە هەرێم کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا کونسوڵی گشتی کۆریای باشور ئاماژەی بەوەکرد، کە پڕۆژەی وێستگەی هەڵمی خەبات ئێستا لە قۆناغی تێست دایە و (200) مێگاوات کارەبا به‌رهه‌مدێنێت.

هاوکات وەزیری کارەبا رایگەیاند؛ بڕیارە لە ماوەی مانگێکدا تەواوی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی وەزارەتی کارەبا تەواو بێت و بە خستنەکاری پڕۆژەکەش رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت.

وێستگەی هەڵمی خەبات بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە رێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌م وه‌رزی ستانه‌ و سه‌ره‌رای هه‌ر یه‌ك له‌ قه‌یرانه‌كانی نه‌وت و غاز ، قه‌یرانی كاره‌باش به‌رده‌وامه‌ و هاوڵاتیان به‌ به‌رده‌وامی ناره‌زایه‌تی ده‌رده‌برن.