كه‌شناسی هه‌رێم، واده‌ی كۆتاییهاتنی شه‌پۆلی به‌فربارین ئاشكرا ده‌كات

13/02/2020 - 14:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەرێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم له‌باره‌ی كۆتایی هاتنی شەپۆلی بەفربارین و نه‌مانی کاریگەرییەکەی زانیاری ده‌خاته‌روو.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 13-2-2020، بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لەبەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم له‌ لێدوانێكدا رایگەیاند: لە ئێوارەی ئەمرۆوە شەپۆلی بەفربارین بەرەو هێوربوونەوە دەروات و سبەی کۆتایی دێت.

وتیشی: "سەرەتای بەفربارینەکە لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد دواتر لە سەنتەری شارەکان باری و هەرچوار پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: گۆرانکاری ژینگەیی کاریگەری لەسەر پلەی ساردی و گەرمی دروستکردووە و ئەم شەپۆلە سەرمایەش کە ماوەی هەفتەیەکە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە لەژێر کاریگەری بارستە هەوایەکی جەمسەریی سارد بووە، بەڵام ئەو بارستە هەوایە لەئیستادا بەرەو لاوازی دەروات.

له‌ باره‌ی مه‌ترسی ووشكه‌ساڵیشه‌وه‌ ووتی: تێکرای باران بارینی ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تا ئێستا باش بووە و مەترسی وشکە ساڵی لاوازە.

ئەگەرچی رێژەی بارانبارین لەچاو پارساڵ کەمترە، بەڵام رێژەی بەفربارین ئاستێکی زیاتری تۆمارکرد لە باران کە دەتوانرێت بۆ ئاوی ژێر زەوی سودی هەبێت و بەسەر ناوچەکاندا دابەشبوو.