كۆمپانیای جێبه‌جێكاری شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی واده‌ی ده‌ستبه‌كار بوونی ئاشكرا ده‌كات

13/02/2020 - 18:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پێشوازی له‌ راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌باره‌ی شه‌قامی 100 مه‌ترسی شاری سلێمانی و ده‌ڵێت: " به‌پێی پلانه‌كه‌مان له‌ مانگی داهاتوودا، له‌گه‌ڵ گونجانی كه‌شوهه‌وا، ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌ به‌راییه‌كان ده‌كه‌ین".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:
راگه‌یه‌ندراوێك له‌ گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان ده‌رباره‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی
گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی له‌ راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ ره‌زامه‌ندی به‌ڕێز (سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان) بۆ ده‌ستپێكردنی جێبه‌جێكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی، به‌ "هه‌مان دیزاینی خۆی".
له‌م باره‌یه‌وه‌ دانیشتوانی خۆشه‌ویستی پارێزگای سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان پلانێكی تۆكمه‌ و پێشكه‌وتووی ئاماده‌كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی، به‌ كوالێتییه‌كی به‌رزی سه‌رده‌میانه‌ و به‌ ستانداردی ئه‌ندازیاری، كه‌ شایسته‌ بێت به‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی.
به‌پێی پلانه‌كه‌مان له‌ مانگی داهاتوودا، له‌گه‌ڵ گونجانی كه‌شوهه‌وا، ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌ به‌راییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی، هه‌موو هه‌وڵی خۆشمان ده‌ده‌ین، هاوشێوه‌ی پڕۆژه‌ نایابه‌كانی دیكه‌مان به‌ سه‌ركه‌وتوویی شه‌قامه‌كه‌ ته‌واو بكه‌ین و به‌ر له‌ ته‌واوبوونی واده‌ی دیاری كراو بۆ جێبه‌جێكردنی، شه‌قامه‌كه‌ به‌ڕووی هاونیشتمانیانی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ینه‌وه‌.
قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری 32 كم له‌ خۆی ده‌گرێت و له‌ پردی تاسڵوجه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، تاكو بازگه‌ی سلێمانی - عه‌ربه‌ت.
دیاره‌ ئه‌م قۆناغه‌ی پڕۆژه‌كه‌ گرنگترین قۆناغیه‌تی كه‌ گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان جێبه‌جێی ده‌كات و هه‌موو ڕێڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان له‌خۆی ده‌گرێت، كه‌ داخڵی ناو شاری سلێمانی ده‌بن و له‌وێووه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی، ئه‌م پڕۆژه‌ ستراتیجیه‌ له‌ داهاتوودا زۆرترین قه‌ره‌باڵغی له‌سه‌ر شاری سلێمانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان
13/2/2020