فراكسیۆنی یەكگرتوو: غازی حكومی ڕێگری لێدەكرێت و غازی بازرگانی دەخرێتە بازاڕەوە

16/02/2020 - 08:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ژمارەیەك كەسی دەستڕۆشتوو لەناو حكومەت و دەرەوەی حكومەت رێگری لە غازی حكومی دەكەن و غازی بازرگانی دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سەروەر نەبوونی یاساو بەردەوامی دوو ئیدارەیی.


د. شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: دابەشكردن و گەیشتنی غاز كێشەی تێدایەو هاووڵاتیانیش لە ئێستادا وەكو مافێكی خۆیان خواستی زیاتریان هەیە بۆ كڕینی، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو فێڵیەی كراوەو غازی حكومی رێگری و هەوڵی پەكخستن و دواخستنی دەدرێت و لەبەرانبەردا غازە بازرگانییەكەی كە رێگەی پێدراوە كۆی 1000 تەنی رۆژانە 300 تەنی بۆ بازرگانی بەكاربهێنرێت ئەوە دەخرێتە بازڕاوەو خەڵكیش ناچارە پەنا بۆ كڕینی ئەو بازرگانییە ببات و ئەوەش ئیستغلالی دۆخەكەی پێكراوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو: هاووڵاتیان بەهۆی مەترسی نەمانی پەنا بۆ كڕینی دوو بتڵ و سێ بتڵی غاز دەبات، ئەوەش خواستی دوو هێندەو سێ هێندە زیاد كردووەو ئەگەرچی بەرهەمهێنان سنوردارە، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بەردەوامی قەیرانی غازە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لە راستیدا گواستنەوەی غاز لە كۆڕمۆرەوە هیچ پێویستی بەكۆمپانیا نەبوو بۆ پارێزگاكان حكومەت خۆی دەیتوانی ئەوكارە بكات بەڵام بوونی گرێبەستێكی لەوجۆرە بۆ سودمەند بوونی گروپێكەو هیچی دیكە ئەو گروپەش لە ناو حكومەت و كەسانی دەستڕۆشتووی دەرەوەی حكومەتیشن، بەردەوامی قەیرانەكەش پەیوەندی راستەوخۆی بەو ژمارە كەسەوە هەیە كە بەرژوەندییان لەم دۆخەدایەو بەوهۆیەوە ئیستغلالی پێویستی خەڵك دەكەن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ سەروەر نەبوونی یاساو بەردەوامی دوو ئیدارەییە .