دوو شەپۆلی بارانبارین ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكەن

16/02/2020 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی



پێشبینی دەكرێت لەنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممەوە 16-2-2020 بەهۆی كاریگەری ناوچەیەكی پەستان نزمی دەریای سوورو دەریای ناوەڕاستەوە ، ئاسمانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ببێتە هەوری تەواو و پاشان بارانبارین دەستپێدەكات.

 

بەپێی ئاژانسەكانی كەشوهەوا، سەرەتاش كاریگەری دەریای ناوەڕاست لەناوچەكانی هەولێر و بادینان و سۆران و كەركوك دەردەكەوێت ، پاشانیش لە ئێوارەی یەكشەمەوە بۆ شەوەكەی شەپۆلی بارانبارین فراوان تر دەبێت و كاریگەری شەپۆلی دەریای سوریش دەردەكەوێت و باران بارین تەواوی ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و دەوروبەری دەگرێتەوە.

 

هەروەها ڕێژەی بارانەكەش لەنێوان مام ناوەند بۆ باش دەبێت، بەتایبەتیش درەنگانی شەوی یەكشەمە بۆ بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە لوتكەی، كاریگەری شەپۆلەكە دەبێت و ئەگەری بارانی مام ناوەند بۆ باش هەیە .

 

بەپێی پێشبینییەكان، ئەگەری دابەزینی پلەكانی گەرما هەیە بەڕێژەی 3 بۆ 5 پلە و هاوكات ئەگەری بارینی بەفر هەیە‌ لە چۆمان و ماوەت و پێنجوێن و ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی دەوروبەری سلێمانی و هەولێر بەڕێژەی 4 سم بۆ 10 سم .

 

لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوان دەكرێت، ڕێژەی باران بارین لەسەرجەم ناوچەكان لەنێوان 16 بۆ 42 ملم بێت، هەروەها خێرای با هەندێك كاتی ڕۆژی دووشەمە لەهەندێك ناوچە زۆر چالاك دەبێت.



چاوەڕواندەكرێت، شەپۆلەكە دوو بەش بێت، بەشی یەكەم لە ئەمڕۆ یەكشەمە تا درەنگانی شەوی دووشەمە بەردەوامە دەبێت و ڕۆژی سێشەممە كەش وهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئەگەری باران نیە، بەشی دووەمیش پێشبینی دەكرێت، لەرۆژی چوارشەممەوە تا شەوی پێنجشەمە دووبارە هەردوو دەریاكە شەپۆل دەنێرن و ئەگەری بارانی بەخوڕو هەورە تریشقەی توند هەیە.