وردەكاری ناكۆكییە نوێیەكانی ناو یەكێتی بزانە

16/02/2020 - 09:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبردنی یەكێتی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، ناكۆكی نوێی لە نێو ئەو حیزبەدا هێناوەتە ئاراوە، تا ئێستا لەسەر چارەسەركردنی ئەو گرفتانە ڕێك نەكەوتوون.

 

یەكێتی لە دوا كۆنگرەی خۆیدا، دوو ئەنجومەنی هەڵبژارد، كە بریتین لە: ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە لە 9 كەس پێكهاتوون و لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی كە لە 124 كەس پێكهاتووە، بەڵام تا ئێستا چۆنیەتی سەرۆكایەتیكردنی ئەم ئەنجومەنە یەكلایی نەكراوەتەوە.

 

لە ئێستادا ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرقاڵی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، گرفتی لەنێو هەردوو ئەنجومەنەكەی یەكێتیدا دروستكردووە.

 

لە چەند ڕۆژی رابردوودا، كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی، داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كرد گفتوگۆكان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ ڕابگرێت، ڕایگەیاند:"یەكێتی كەوتووەتە دۆخێكەوە پـێویستە وریابین، بڕیارەكان مەترسیان لەسەر هاوسەنگی یەكێتی دروستكردووە."

 

سەرباری داواكاریەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ڕاگرتنی كۆبوونەوەكانیان، بەڵام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەردەوامە لەسەر كۆبوونەوەكانی و تا ئەمڕۆ پێنجشەمە، كۆبوونەوەكان بەردەوامیان هەبووە.

 

شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی، ئاماژەی بەوەكرد ئەنجومەنی سیاسی لە تێكۆشەرەكانی یەكێتی پێكهاتوون و پێویستە لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتیان پـێبدرێت، وتی:"بێ دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنە، رەنگە هەندێك كاری نەشیاو و لابەلا بكرێت، بۆ رێگرتن لە كاری لابەلا، دەبێت ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی هەبێت."

 

بەپێی زانیاریەكان ، ناكۆكیە نوێـیەكانی یەكێتی لەسەر سێ پرسی سەرەكیە، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی ، لەگەڵ جێگرانی سەرۆكی یەكێتی كە كێ بن و دەسەڵاتیان چۆن بێت.

 

زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەیانەوێت دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیان هەبێت و خاوەن بڕیاربن، لە كاتێكدا ئەنجومەنی سەركردایەتی كە ئەوان پێیانوایە، دەسەڵاتی "بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەریەوە دیارە"، دەیانەوێت ئەو ئەنجومەنە تەنها ڕۆڵی راوێژكاری هەبێت.

 

گرفتێكی تری یەكێتی، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتیە، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەیانەوێت سستمی هاوسەرۆكی پەیڕەو بكرێت و باس لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شیخ جەنگی بۆ ئەو پۆستانە دەكرێت، بەڵام ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەڵێن: پێشتر وا رێككەوتوون حیزب سەرۆك یان سكرتێری هەبێت.

 

بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی، بە تایبەت ئەوانەی لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحەوە نزیكن، ئاماژەبەوە دەكەن پێشتر وەها بڕیاربووە یەكێتی سەرۆك یان سكرتێری هەبێت و ناوی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە و باڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بۆ جێگری هێنراون.

 

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسانە، لەپڕ دۆخەكە گۆڕاوە و سستمی هاوسەرۆكی هێنراوەتە بەر باس، كە بەپێی وتەی ئەوان ئەمە پێشنیاری ئێرانیەكانە و هەوڵێكە بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لە كەسی یەكەمی یەكێتی، بەو پێیەی ئێرانیەكان لە هەڵوێستی بەغدای نیگەرانن.

 

هەرچەندە زانیاری ئەوە لە ئارادایە، كە لە چەند رۆژی رابردوودا، وەفدێكی ئێران بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و كۆسرەت رەسوڵ دا بە جیا كۆبوونەتەوە، بەڵام شیخ جەعفەر مستەفا دەڵێت"ئێران بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ یەكێتی و كاك كۆسرەت دانەنیشتووە، نەك دانەنیشتووە، بەڵكو وەكو قەتعی عیلاقەش كراوە، بەڵام لەگەڵ خەڵكانێك لەناو یەكێتی دانیشتوون، كە لە16 ی ئۆكتۆبەردا هەماهەنگیان بوون و لای یەكێتی خائینن ."

 

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریكا