گەشتی نێوان سلێمانی تاران ھەڵوەشێندراوەتەوە

21/02/2020 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتی ئیران، گەشتی نێوان سلێمانی تاران ھەڵوەشێندراوەتەوە.

بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران، ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق گەشتی نێوان سلێمانی تارانی ھەڵوەشاندەوە و راشیگەیاند، ئەمڕۆ دواین گەشتی نێوان ھەولێر تاران دەبێت لە فڕۆکەخانەی ھەولێر لەرێگای ھێڵی ئاسمانی ئێرانی ماھان و گەشتی فڕۆکەوانی رۆژانی داھاتووش ھەڵوەشاوەتەوە.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ گەشتێکی دیکەی کۆمپانیای ماهانی ئێرانی بۆ سلێمانی ھەڵوەشێنرایەوە کە بڕیاربوو کاتژمێر 4ی ئەم ئێوارە بگاتە سلێمانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، خشتەی گەشتەکانی ئەمڕۆ ھەینی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠، بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا دوو گەشت بۆ بەغدا و گەشتێکیش بۆ تاران و یەکێکیتریش بۆ دوبەی ھەبوون.

وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش لە دواین ئامارەکانیدا رایگەیاندووە، دوو توشبووی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەو ڤایرۆسە لە ئێران گیانیانلەدەستداوە بۆ چوار کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ١٣ کەس بەرزبووەتەوە.