لەبارەی كەیسی منداڵە 7 ساڵانەكەوە حكومەت هاتە دەنگ

21/02/2020 - 16:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو چەند کەسێک "دەستدرێژییان کردە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵان"، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، "جێگری سەرۆکوەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسییەکە کردووە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیاکراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر".

لە راگەیێندراوێکدا سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە..‌ قبووڵ ناکرێت".

دەقی راگەیێندراوەکە:

لێدوانێك لە‌بارە‌ی تاوانی دەستدرێژی کردنە‌سە‌ر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان لە‌ھە‌ولێر

سەبارەت بە تاوانی قێزەونی دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان کە ویژدانی هەموومانی بریندارکرد، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیا کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر.

تا ئێستا تاوانبارێک گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە.

هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا روویداوە‌ قبوڵ ناکرێت.

سەمیر هەورامی
وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆک وەزیران