سێ مەرزی هەرێم بەڕوی ئێران كراوەن و داناخرێن

23/02/2020 - 10:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران رایدەگەیەنێت دوای داخستنی سنوورەكانی نێوان هەرێم و ئێران بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سێ سنووری كراوە ماون بۆ ئەوەی هەم هاووڵاتیانی كورد لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە و هەمیش جموجۆڵی بازرگانی و هاوردەكردنی كەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، بۆیە داخستنی سنوورەكان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی نەبووە.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە دوو شاری ئێران نەخۆشیی كۆرۆنا بڵاو بووەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاری دا كە چیتر رێگە بە كەسانی نوێ لە ئێران نەدەن بێن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ خۆپاراستنە لەو نەخۆشییە و بە شێوەیەكی كاتییە و بەرەزامەندیی هەردوولاش بووە.

ئەو بەرپرسەی هەرێمی ئاماژەی بەوەشكردوە: لە دوێنێوە هەموو مەرزە فەرمی و نافەرمییەكان داخراون و رێكاری توندیش گیراوەتەبەر و تەنها سێ مەرز كراوە دەبن، كە ئەوانیش حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان دەبن و ئەوانەی دیكە هەمووی داخراون، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانە بۆ هەرێمی كوردستان و هاتنی كەلوپەلە بۆ هەرێمی كوردستان، كە كەلوپەل لە ئێرانەوە دەهێنرێت بۆ سەر سنوور و لەوێ بارهەڵگری هەرێم دەچن دەیانهێنن بۆ كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوەیە جموجۆڵی بازرگانی نەوەستێت.

ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتوە: راستە خەڵكێكی زۆر بە قاچاخ لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن بۆ كاركردن یان بۆ هەر مەبەستێك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان راسپێردراون رێكاری توند بگرنە بەر، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت بێ پشكنین بۆ ماوەی 14 رۆژ هیچ كەسێك لە ئێرانەوە نەیەت بۆ هەرێمی كوردستان.