هۆكاری دواكەوتنی پارەكەی بەغدا ئاشكرا دەبێت

26/02/2020 - 13:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

تاوەكو ئێستا بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردوە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمیش هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەسەر دواكەوتنی موچە بڵاو نەكردۆتەوە.

د.جەمال كۆچەر سەرۆكی كوتلەی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە مالپەری كوردیوی ڕٍاگەیاند: ڕاستە تا ئێستا بەغدا پارەكەی بۆ هەرێم نەناردوە بەڵام وەزیری دارایی واژۆی لەسەر سەرفكردنی پارەكە كردوەو پارەكە دەگات.

د.جەمال كۆچەر هۆكاری نەناردنی پارەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: بەرێوبەرێكی گشتی لەوەزارەتی دارایی ڕازی نەبووە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێت و وتویەتی دەبێت هەرێم نەوت ڕادەست بكات ئینجا پارەكە دەنێرین دواتر وەزیری دارایی عێراق كە ئەوەی زانیوە فەرمانی گواستنەوەو نەقڵی بۆ ئەو بەڕٍێوبەرە گشتیە دەركردوەو ئێستا هیچ كێشەیەك نەماوە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە.

جەمال كۆچەر سەرۆكی كوتلەی یەكگرتوو وتیشی: سەرۆك وەزیرانی نوێی ڕاسپیردراو لەكۆبونەوەكانمان لەگەڵی بەئێمەی وتوە موچەی فەرمانبەران نابڕدرێت تێكەڵی ململانێی سیاسی ناكەین.