وادەی دەستکاریکردنی مووچە ڕاگەیەندرا

شەممە, 08 تەمموز 2017 06:00

لەدوای مانگی ئەیلولەوە حکومەتی ھەرێم ژمارە حسابییەک بۆ موچەخۆران دەکاتەوە و سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەئەنجومەنەی وەزیرانیش ڕایگەیاندووە: بڕیارەکە وایە ھەرکاتێک حکومەت داھاتی زیادیکرد، لەڕێگەی ئەو ژمارە حسابییەوە پاشەکەوتی موچە بداتەوە.

تۆڕی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە حکومەتی ھەرێم لەبەرنامەیدایە دوای ئەوەی لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ موچەی لەسەر بنەمای سیستمی بایۆمەتری دابەشکرد، پاشەکەوتی موچە بخاتەسەر حسابێکی بانکی و ھەرکاتێک داھاتی زیادیکرد، پارە بخرێتەسەر ژمارەی حسابی موچەخۆرو بەوشێوەیە پاشەکەوت بداتەوە.

لەو بارەیەوە ئاراس خۆشناو سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەئەنجومەنەی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وتوویەتی: لەمانگی ئەیلول تەنھا ئەو کەسانە موچە وەردەگرن کە لەسیستمی بایۆمەتری موچە تۆمارکراون.

ڕاشیگەیاندووە"حکومەت سێ پێشنیازی لەبەردەستدایە بۆ پێداچوونەوە بەپاشەکەوتی موچە، ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەیە کە بەیەکجاری پاشەکەوتی موچە نەمێنێت، چونکە حکومەت نزیکەی ھەشت تریلیۆن دینار قەرزدارەو ناکرێت قەرزی پاشەکەوتیش بەردەوام بێت".

ڕوونیشی کردووەتەوە، حکومەت ئەوەی گەڵاڵە کردووە کە ھاوکات لەگەڵ دابەشکردنی موچە بەسیستمی بایۆمەتری، ژمارە حسابیەک بۆ موچەخۆران بکاتەوەو بڕی پاشەکەوتی بخرێتەسەر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "سەرەتا بۆدانەوەی قەرزی روسومات و خزمەتگوزارییەکان بەکاردەھێنرێت، پاشان بڕیارەکە وایە ھەرکاتێک حکومەت داھاتی زیادیکرد، پاشەکەوتی موچە بداتەوە".