حكوومەت داوای لیستی دوو مانگی مووچەی لە فەرمانگەكان كردووە

سێ شەممە, 11 تەمموز 2017 06:23

لە رێگەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران داوای لیستی دوو مانگی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە وەزارەت و فەرمانگەكان دەكرێت و بەرێوەبەری گەنجینەش روونكردنەوە لەمباریەوە دەدات.

سەرچاوەیەكی ژمێریاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەفتەنامەی باسی وتووە: وەزارەتی دارایی و  ئەنجومەنی وەزیران داوای هەردوو لیستی مووچەی  مانگی 5 و 6ی ئەمساڵیان لە فەرمانگەكان كردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا پاش ئەوەی لە بەرێوەبەرایەتی گەنجینە داوای ناردنی هەردوو لیستی مووچەی  مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی 2017یان لێ كردوون لە لیژنەی بایۆمەتری تۆماری مووچەش داوای ناردنی هەردوو لیستی مووچەیەیان كردووە.

روونی كردەوە لیژنەی بایۆمەتری تۆماری مووچە ئەوەیان پێ راگەیاندوون بۆیە دوای لیستی مووچەی مانگی 6 یان كردووە چونكە بڕیاروایە لە  مانگی 6 وە  لە سەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری مووچە دابەش بكرێت.

لە مانگی شوباتی 2016  وە ئەنجومەنی وەزیران بە پاشەكەوت مووچەی فەرمانبەران  دابەش دەكات،حكوومەتيش بۆ دابەشكردنی مووچەیەك مانگانە پێویستی بە 620 ملیار دینار هەیە.

عوسمان ساڵح بەرێوەبەری گەنجینەی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاند: داوای هەردوو لیستی مووچەی مانگی 5 و 6مان لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە چونكە وەزارەتی داراییش داوای لە ئێمە كردووە ئەو دوو لیستەی مووچە بنێرین بۆیان، بەڵام نازانین هۆكاری ئەو بابەتە چیە.

روونی كردەوە، ناردنی دوو لیستی مووچە لەسەر داوای لیژنەی تۆماری بایۆمەتری مووچەیە و هەر ئەوان دەزانن بۆچیانە.

ئەو پێیوایە  دواكردنی ئەو بابەتە لەلایەن لیژنەی تۆماری بایۆمەتری چاوەروان دەكرێت پەیوەندی بە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری یان دەستكاریكردنی مووچەوە هەبێت.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی  وەزیران ئەوەی رایگەیاند داواكردنی لیستی ئەو دوو مانگەی مووچە لەسەر بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە و پێدەچێت بۆ پرسی دەستكاریكردنی مووچە یان جێبەجێكردنی لیستی تۆماری بایۆمەتری مووچەبێت.