وەزارەتی ناوخۆ بڕیار لە بارەی ئەم ئۆتۆمبێلانەوە دەردەكات

سێ شەممە, 11 تەمموز 2017 09:23

 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە بڕیارێکی نوێدا سزادانی شۆفێرانی هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان رادەگەیەنێت.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ نێردراوە، تیایدا هاتوە پێتان رادەگەیەنین لەزگەی فۆتۆ هاوشێوەی لەزگەی جام رەش قەدەخەیە و هەمان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لە رووی سزاوە.


وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی كردۆتەوە بەپێی راگەیێندراوی ژمارە (1)ی ساڵی 2016ی وەزارەتەكەیان دەستبەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگیرێت کە هاوشێوەی جام رەش بە لەزگەی فۆتۆ رەش كراون.

بەپێی رێنماییەكانی ناوخۆ هەر فەرمانبەر و كارمەند و ئەفسەرێكی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە ئۆتۆمبێلی جام رەشی هەبێت ئەوە لیژنەی لێكۆڵینەوەی لە دژ پێك دێت و سزا دەدرێت.

هەروەكو بەپێی رێنماییەكان رەزامەندی پێدانی جام رەش تەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆ دایە ئەویش بۆ حاڵەتی زۆر تایبەت دەدرێت بە تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی دیبلۆماسی و كونسوڵگەری.

پێشووتر بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2011 وە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی جام رەش قەدەخەكراوە و وەزارەتی ناوخۆش رێنمایی و بڕیاری بۆ ئەو مەستە دەركردووە.

 

لیواهێرش ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەولێر تایبەت بە هەفتەنامەی باسی وتوە: هەموو جۆرە جام رەشكردنێك لەزگەبێت یانیش لەزگە نەبێت قەدەخەیە، گوتی: ئێمە بڕیارە و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەكەین هەركەس بەدەر لە رێنماییەكان جامی رەش كردبێت ئەوە ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت كە لە نێوانی 40 هەزار بۆ ملیۆنێك دینارە.


روونی كردەوە هەركەس جامی رەش كردبێت جا بەرپرس بێت یانیش كەسێكی ئاسایی بێت سزا دەدرێت، وتیشی: ئەو دیاردەیە زۆر كەم بۆتەوە ئەوەی ماوەتەوە تەنها ئۆتۆمبێلی دیبلۆماسی كونسوڵەكانە ئەوەش بەپێی رێنماییی پێیان دراوە.