گۆڕان گوشاری توركیا بۆ سه‌ر پارتی ئاشكرا ده‌كات

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017 06:21
میدیای فه‌رمی گۆڕان، هۆكاری دواكه‌وتنی موچه‌ی مانگی ئایار بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و ئاشكراشیده‌كات موچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ داهاتی ناوخۆ دابینكراوه‌.
 
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی میدیای فه‌رمی گۆڕان، توركیا ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێمدا گرتووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتوه‌.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌، حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ ده‌یه‌وێت له‌ به‌رامبه‌ر پێدانه‌وه‌ی پاره‌كه‌، له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنێكی ئه‌منییه‌وه‌ چه‌ند مه‌رجێك به‌سه‌ر پارتیدا بسه‌پێنێت.
تۆڕی میدیای گۆڕان، به‌پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی، بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ (20) رۆژ زیاتره‌ توركیا له‌ هاڵك بانك، رێگه‌ی‌ له‌ راكێشانی‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی هه‌رێم گرتووه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ كردووه‌ بۆ ئه‌نكه‌ره‌و بڕیاره‌ له‌م رۆژنه‌دا دوور له‌ چاوی‌ میدیاكان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ‌و بیناڵی‌  یه‌ڵدرم  و سه‌رۆكی‌ ده‌زگای میت كۆبێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتنێكی ئه‌منیی له‌سره‌ هه‌رێمدا بسه‌پێنێت.
میدیای گۆڕان ئه‌وه‌شی بڵاوكردۆته‌وه‌،‌ به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ‌و ئابورییه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، پارتی‌ ئامانجێكی‌ هه‌یه‌ كه‌ یاری‌ به‌كات بكات بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ له‌ واده‌ی ریفراندۆم، لانیكه‌م بتوانێت دوو موچه‌ یان زیاتر دابه‌شبكات، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا هه‌ندێك له‌ راوێژكاره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت پێشنیاری‌ ئه‌وه‌یان بۆ كردبوو وه‌ك مژده‌یه‌ بۆ ریفراندۆم ‌و سه‌ربه‌خۆیی،‌ گۆڕانكاریی‌ له‌ سیستمی‌ موچه‌دا بكرێت و له‌ مانگی‌ ئابه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام دواتر ئه‌م پێشنیاره‌ دیراسه‌كراوه‌ زانیویانه‌ له‌ مانگه‌كانی‌ ئاینده‌ ده‌بێت به‌ كێشه‌ و ناتوانن جێبه‌جێی بكه‌ن و لێی‌ پاشگه‌زبونه‌ته‌وه‌.
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، رۆژی (10)ی ئه‌م مانگه‌ به‌نیاز بووه‌ له‌ داهاتی ناوخۆ، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئایار بكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی فه‌رمانیان پێكراوه‌ تا كێشه‌ی هه‌رێم و توركیا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، موچه‌ له‌ داهاتی ناوخۆ نه‌ده‌ن، پاشان ناوبراو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی ته‌نها وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ داهاتی ناوخۆ ده‌ربڕیوه‌.