بانكی جیهانی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاتە دەنگ

هەینی, 11 ئاب 2017 05:59

 

سەرپەرشتی تیمی بانكی جیهانی لە هەرێمی كوردستان جەختلەوەدەكاتەوە، كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێم هەنگاوی دووەم لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە بنێت.

سیبەل كۆلاكسیز، گەورە ئابووریناسی بانكی جیهانی و سەرپەرشتی تیمی بانكی جیهانی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، بانكی جیهانی ستایشی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی كردووە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە و ئێستا كاتی ئەوە هاتووە دەست بە چاكسازی لە سیستەمی مووچەدا بكرێت.


سیبەل كۆلاكسیز، لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی روداوو ئاماژەی بەوەكردووە، چاككردنی قەبارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەم قۆناخی نەخشەڕێگای چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و سیستەمی تۆماری بایۆمەتریش هەنگاوی یەكەمە بۆ دروستكردنی داتابەیسی مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوی دووەمیش چاكسازییە لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەران.


رونیشیكردۆتەوە، هەرچەندە پاشەكەوتی مووچە وەك سیاسەتێكی سكهەڵگوشین یارمەتی حكومەتی داوە لە رووی داراییەوە خۆی رێكبخاتەوە، بەڵام هێشتا كێشە بنەماییەكانی پەیوەست بە كارمەندانی حكومی و دامەزراندنەكان چارەسەرنەكراون، هەر بۆیە بانكی جیهانی پێشنیاز دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە چاكسازییەكی گەورە بكات لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەراندا.


سەرپەرشتی تیمی بانكی جیهانی لە هەرێم چاكسازی لە سیستەمی مووچە بە كارێكی پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بهێنێت بە خەرجییە نەشیاوەكان بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لە دامەزراندنەكان لە كەرتی گشتیدا.


جێی باسە، بانكی جیهانی پێشنیازیكردووە، حكومەتی هەرێم كۆمۆسیۆنێك بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەكان دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی چاودێری چاكسازییەكان لە كەرتی گشتی بكات، هەروەها چاكسازییەكانی سیستەمی مووچە دەبێت چاوخشاندنەوە بە چالاكی كارمەندان و ژمارەی كارمەندان لە وەزارەتەكان لەخۆبگرێت و شێوازی دامەزراندنە حكومییەكانیش دەبێت گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.


هاوكات بانكی جیهانی پێشنیازیشی كردووە، دووبارە راهێنان بە كارمەندانی كەرتی حكومی بكرێت بۆ ئەوەی تواناكانیان بەرزببێتەوە، تاوەكو لە ئاستی خواستی كەرتی تایبەتدا بن.

 

بۆ ئەوەی بگەیتە راستی هەواڵەكان، پەرەی دووەمی ماڵپەری كوردیو لایك بكە