بزانه‌ له‌باره‌ی كوردستانه‌وه‌ سه‌در چی به‌مالیكی ده‌ڵێت

شەممە, 12 ئاب 2017 08:35

رێبەری رەوتی سەدر پێی وایە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق گەلی کوردستانی لە عێراق دوور خستووەتەوە.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، رایگەیاندووە، بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، ”کێشەی زۆر“ دروست دەکات و ”دوو سوپا لە عێراق“ رەت دەکاتەوە.

ناوبراو وتویه‌تیشی: دوور نییە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی عێراقی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێک بهێنێت.

سەدر لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە  رایگەیاندووە: پەیوەندیی بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە کردووە و ”هیوام خواست هەر هیچ نەبێ ریفراندۆمەکە دوابخرێ“.

موقتەدا سەدر پێی وایە سیاسەتی حکوومەتی مالیکی (2006-2014) بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی کوردستان لە عێراق، ”گەیشتووەتە ئەو ئاستەی داوای سەربەخۆیی بکەن“.

زۆرێك له‌ بەرپرسانی کوردو عەرەبە سوننەمەزهەبەکانی عێراق و بەشێک لە سەرکردە شیعەکان پێیان وایە نوری مالیکی هۆکاری خراپبوونی دۆخی عێراق و داگیرکرانی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتەیە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە مانگی 6ـی 2014.

لە ساڵی 2013 و بە بڕیاری نوری مالیکی، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بڕدرا و لە شەڕی دژی داعشیشدا، عێراق هیچ هاوکارییەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی نەکرد و به‌ڵكو رێگریشی لە هاوکارییە سەربازییە نیودەوڵەتییەکان ده‌كرد بۆ پێشمەرگە.

بۆ ئەوەی بگەیتە راستی هەواڵەكان، پەرەی دووەمی ماڵپەری كوردیو لایك بكە

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی