ڤیدیۆ... ئێران له‌ ناوچه‌یه‌كی خاكی كوردستان بنكەی سەربازی داده‌نێت

شەممە, 12 ئاب 2017 14:03

 

له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كدا، هاوڵاتییەكی شارۆكەی قەڵادزێ، پێشێلكاری و زێدەڕۆیییەكانی ئێران و هێزی پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە بۆ ناو خاكی كوردستان ئاشكرا دەكات و داوا لە بەرپرسانی كوردستان دەكات ئاگاداربن.

هاوڵاتیه‌كی شارۆكەی قەڵادزێ، به‌ناوی محەمەد چاوشین كە ڤیدیۆكەی تۆمار كردووە و بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت: ئەو لووتكە چیاییەی دەیبینن، چیایی دۆڵەڕنێیە كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ و سنووری شارەدێی هەڵشۆیە، ئێران ماوەیەكە ئەو سنوورەی داگیر كردووە و بنكەی سەربازی لێ داناوە، بەداخەوە پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستان لەو ناوچەیە زۆر دوورن.

هاوڵاتیه‌كه‌ ئاماژەی داوە، بەهۆی دووریی هێزەكانی پاسەوانی سنووری كوردستان، ئێران بە ئارەزووی خۆی بنكەی سەربازی لێ دادەنێ.

له‌ ڤیدیۆكه‌ ئەو هاووڵاتییە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كە ئێران بە نیازە ئەو لووتكە چیایەی لە ڤیدیۆكە دەیبینن دەیەوێ داگیری بكات، كە ناوی لووتكە چیای بابرنجە و لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران، شەڕی سەختی لێ بووە و سەربازی زۆری لێ كوژراوە.

هاوڵاتیه‌كه‌ لە كۆتاییدا دەڵێت: هیوادارم بەرپرسانی كوردستان و پاسەوانی سنوور بیرێك لە پاراستنی ئەو ناوچانە بكەنەوە و بەو شێوازە بەڕەڵایان نەكەین.

 

بۆ ئەوەی بگەیتە راستی هەواڵەكان، پەرەی دووەمی ماڵپەری كوردیو لایك بكە

 

 

ش.م