رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌نوسینگه‌ی د. سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ی بارزانی

چوار شەممە, 16 ئاب 2017 12:18

 

دوای به‌شداریه‌كه‌ی له‌دیداری بارزانی له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی كه‌ تێیدا دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك و دواتر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ كرا، به‌ڵام له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا نوسینگه‌ی دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی رایده‌گه‌یه‌نێت: "هه‌ركه‌سێك به‌دڵ گوێی گرتبێ و مه‌به‌ستی تری له‌ دڵدا نه‌بوبێ ، باش تێده‌گا كه‌ته‌وه‌ری قسه‌كانی به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی گله‌یی بوو له‌نه‌بوونی زانكۆیه‌كی ئیسلامی له‌ هه‌رێمدا، نه‌ك تاوانباركردنی ئه‌و دوو وڵاته‌ و قوتابیانی ده‌رچووی ئه‌و دوو وڵاته‌" .

 

ده‌قی ڕونكردنه‌وه‌كه‌: 

بسم الله الرحمن الرحیم

رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتی

له‌دیداری به‌ڕێز مسعود بارزانی له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی كه‌ به‌رواری 9-8-2017 به‌ڕێوه‌چوو، له‌وكاته‌ی به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی به‌شداری كردو، به‌نیازبوو چوارخاڵ بخاته‌ڕوو، به‌ڵام كاته‌كه‌ ته‌نها مۆڵه‌تی دووخاڵی دا .

به‌ڕێزیان له‌خاڵی یه‌كه‌م باسی له‌ترسناكی میلیشیاكان كرد له‌سه‌ر كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌دوای ده‌سته‌ ڕه‌شه‌كه‌ی داعش ، هه‌روه‌ها له‌ خاڵی دووه‌میشدا (گله‌یی) كرد له‌ نه‌بوونی زانكۆیه‌كی ئیسلامی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، له‌وكاته‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌په‌یمانگاو زانكۆی ئه‌هلی و حكومی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ قوتابیانمان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خوازیاری خوێندنی زانسته‌ ئیسلامیه‌كانن، ناچار ده‌بن روو له‌ وڵاتیتر بكه‌ن بۆ ئامانجه‌كانیان، كه‌له‌وانه‌یه‌ له‌وێ هه‌ندێ جار دوچاری بیری توندوتیژی ببن .

ئه‌گه‌رچی به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی وه‌ك له‌گرته‌ ڤیدیۆكه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ چوار خاڵی هه‌یه‌و له‌به‌رنامه‌یدابووه‌ له‌ خاڵی سێیه‌مدا ئاماژه‌ به‌ خراپی دۆخی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و بێزاریان به‌رانبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات و ماندویه‌تیان به‌ده‌ست یاریكردن به‌ قوت و ژیانیانه‌وه‌ بكات، هه‌روه‌كو له‌خاڵی چواره‌میش تیشك بخاته‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردو به‌سبوونی ناكۆكی و ئازاره‌كانی گه‌لی كوردو ئاشتبونه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی كاته‌وه‌ رێگه‌ی پێنه‌درا خاڵه‌كانی ته‌واو بكات .

 له‌كاتی به‌شداریه‌كه‌یدا به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌ناوی  وڵاتی سودان و مالیزیا كرد، لێره‌دا بۆ رای گشتی رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ناوهێنانی ئه‌و دوو وڵاته‌ ته‌نها (زلة اللسان) بووه‌و هیچ مه‌به‌ستێكی نه‌بووه‌، مه‌به‌ستیش ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌رپرسانی كورد بیر له‌دامه‌زراندنی زانكۆیه‌كی ئیسلامی بكه‌نه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك زامداركرنی ئه‌و دوووڵاته‌بێ ،یان ئه‌و قوتابیه‌ به‌ڕێزانه‌بێ كه‌له‌وێ خوێندوویانه‌ یان ده‌خوێنن .

هه‌ركه‌سێك به‌دڵ گوێی گرتبێ و مه‌به‌ستی تری له‌ دڵدا نه‌بوبێ ، باش تێده‌گا كه‌ته‌وه‌ری قسه‌كانی به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی گله‌یی بوو له‌نه‌بوونی زانكۆیه‌كی ئیسلامی له‌ هه‌رێمدا، نه‌ك تاوانباركردنی ئه‌و دوو وڵاته‌و قوتابیانی ده‌رچووی ئه‌و دوو وڵاته‌!.

ڕاسته‌ به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د ناوی ئه‌و دوو وڵاته‌ی هێناوه‌ وه‌ك زله‌ی زبان ،به‌ڵام كه‌سی تاوانبار نه‌كردوه‌ به‌ (توندڕه‌وی) له‌وانه‌ی كه‌پێشتر له‌وێ ته‌واویانكردوه‌ یان له‌ ئێستادا له‌وێ ده‌خوێنن، دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د وڵاتی مالیزیا به‌یه‌كێك له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان ده‌زانێت و سودانیش به‌ وڵاتێكی كراوه‌ داده‌نێت بۆ ده‌رفه‌تدان به‌ قوتابیانی هه‌رێم و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا بۆ قوتابیه‌ بێ به‌شه‌كانی كوردستان و چه‌ندین جاریش به‌وپه‌ڕی ده‌ستخۆشیه‌وه‌ له‌وتاره‌كانی ناوی ئه‌و دوو وڵاته‌ی وه‌ك نمونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك بێجگه‌ له‌ ڕێزو خۆشه‌ویستی هیچی تری نیه‌ بۆ ئه‌وقوتابیه‌ به‌ڕێزانه‌ ، كه‌ئێستا زۆربه‌یان هه‌ڵگری دكتۆران .

ئه‌وه‌ی رویداوه‌ پێویستی به‌وهه‌موو قسه‌ تاڵ و تفتانه‌ی نه‌ده‌كرد ،كه‌هه‌ندێكیان گه‌یشبونه‌ ڕاده‌ی تشهیر ، تخوین ، جنێو و هه‌موو فحش و طعنێ! .

به‌داخه‌وه‌ كه‌جوێن فرۆشی و ده‌م شڕی بۆته‌ رۆشنبیری بۆ زۆركه‌سی ئه‌م دونیایه‌و ئابڕوبه‌ری جێگای ئامۆژگاری گرتۆته‌وه‌ ،رق و كینه‌ بۆته‌ قاره‌مانی و بوێری !قسه‌ی زبر و زامداركردن جێگای لێبورده‌یی گرتۆته‌وه‌ .

له‌كۆتایی دا به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی داوا له‌خودا ده‌كات لێی خۆش بێت به‌رانه‌ر به‌و زللـه‌ اللسانه‌ كه‌ كه‌سانێك ئازاریان چه‌شتوه‌ ،له‌وانه‌ش خۆشبێت كه‌به‌قسه‌ی زبرو تفت و تاڵ ئازاری مامۆستاو دۆستان و گۆڕه‌پانی ئیسلامی و كوردستانیان دا !! امین 

نوسینگه‌ی دكتۆر سیدأحمد عبدالوهاب پێنجوێنی
24ی ذالقعده‌ 1438ك
16-8-2017م

م-ع-كانی