سلێمانی...كۆمپانیایەك پرۆژەی ڕیسایكلینی زبڵو خاشاكی ڕاگرتووە

شەممە, 19 ئاب 2017 07:23


كوردیوـ سلێمانی ـ نیاز فاروق


سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ماوەی چەند ساڵێكە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی كەرتی تایبەت گرێبەستی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕیسایكلینی زبڵ و خاشاكی ناوچەی تانجەرۆ واژوو كردوە و زەویشی بۆ تەرخانكراوە بەڵام تا ئێستا نەهاتوەبەسەر جێ بەجیكردنی پرۆژەكەوە.


زەردەشت ڕەفیق ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردیو وتی " ڕۆژانە زیاتر لە 30 تەن زبڵ و خاشاكی ناوشاری سلێمانی كۆكەرەوە لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی پاكەرەوە دەبرێتە ناوچەی تانجەرۆ و لەوێ‌ دەكرێت بەژێر خۆڵەوە ".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی وتیشی" چەند ساڵێك لەمەوبەر كۆمپانیای لاڤاج كە كۆمپانیایەكی خۆماڵی كەرتی تایبەتەلە شاری سلێمانی و لەناوچەی تانجەرۆ زەویمان بۆ دابینكرد بۆ ئەوەی پرۆژەی دوبارە بەكارهێنانەوەی زبڵ و خاشاك جێبەجێ بكات و گرێبەستی بۆ ئەو كارە واژوو كرد بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەهاتووە بە دەم جێبەجێ كردنی پرۆژەكەیەوە".


بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی ڕاشیگەیاند: قەیرانی دارایی زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی ناوشاری پەكخستبوو بەڵام هەوڵدراوە هەندێك پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی بەردەوامی پێ بدرێت وەك پرۆژەی ناو پرد و شەقام و ئەندەرپاسەكان.