وێنه‌ی كوژراوه‌كان ببینه‌و باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ سوتێندران و ڕێگای سه‌ره‌كی چۆمانیش داخرا

هەینی, 25 ئاب 2017 21:51

 

لەسنووری شاری سۆران دوو هاوڵاتی بە گولەی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداو بارودۆخەكە ڕووەو ئاڵۆزی چووەو ڕێگای سه‌ره‌كی نێوان چۆمان و گونده‌كانی سنوره‌كه‌یان گرتووه‌ .

ئەو دوو هاوڵاتی لە گوندی (گوندەژۆر) ی سەربە قەزای چۆمان بوونەو لەلایەن پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەستڕێژیان لێكراوەو لەئەنجامیشدا هه‌ردووكیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و دوو برایتریشیان برینداربوونه‌و به‌په‌له‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌ولێر كراون بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێوسیت بۆ برینه‌كانیان .

دره‌نگانێكی شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه‌ش چه‌ند بنكه‌و باره‌گایه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ سنوری چۆمان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ سوتێندران و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر گوندی رایات و ڕێگای گشتی چۆمان و گونده‌كانیتریان گرتووه‌ .

به‌پێی زانیاریه‌كانی كوردیو پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان باره‌گاو بنكه‌كانیان به‌جێ هێشتوه‌و رۆیشتوون، هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ ده‌كه‌ن .

پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ته‌ندروستی چۆمانه‌وه‌ رایگه‌یاند: له‌ گوندی رۆژی هه‌ینی 2017/8/25 دوو برا کە خەڵکی گوندی (گوندە ژۆر)ن بە کوژراوی براونەتە نەخۆشخانەکەیان بەناوەکانی (فەرمان ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣٣ ساڵ و لوقمان ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣٧ ساڵ) ،دوو برای دیکەشیان بەناوەکانی (بەختیار ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣١ ساڵ و مستەفا ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣٥ ساڵ) برینداربوون .

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كرد كه‌ دوو برینداره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر كراون تا فریاگوزاری به‌په‌له‌یان بۆ بكرێت .

روداوه‌كه‌ به‌گوێره‌ی كه‌س و كاری كوژراوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، چوونەتە ناو باخی ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی گونده‌كه‌و داریان بڕیوەتەوە، به‌و هۆیه‌وه‌ش كێشه‌ له‌نێوان ئه‌و هاوڵاتیانه‌و پێشمه‌رگه‌كان درووست بوه‌ ، دوواتریش پێشمه‌رگه‌كان ته‌قه‌یان له‌و هاوڵاتیانه‌ كردووه‌ .

م-ع-كانی