به‌رپرسێكی یه‌كێتی نهێنیه‌ك له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ی باڵه‌كایه‌تی ئاشكرا ده‌كات

شەممە, 26 ئاب 2017 07:26
له‌باره‌ی رواداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردوی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی لێپرسراوی كۆمیته‌ی چۆمانی یه‌كێتیی نیشتمانیی ئاشكرای ده‌كات ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئێران به‌ئه‌نقه‌ست له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و تائێستاش هیچ چالاكییه‌كیان وه‌ك ئۆپۆسیۆن به‌رامبه‌ر به‌ئێران نه‌بوه‌، جگه‌ له‌شه‌هیدكردنی دوو هاوڵاتی سنوره‌كه‌.
 
توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی سنوری ده‌ڤه‌ری‌ باڵه‌كایه‌تی درێژه‌ی هه‌یه‌و دانیشتوانی سنوره‌كه‌ش چه‌كیان هه‌ڵگرتوه‌و چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌رپرسی كۆمیته‌ی چۆمانی یه‌كێتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌واڵی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی دوو تاوانباره‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران بڵاوبۆته‌وه‌و هێشتاش ته‌رمی دوو براكه‌ به‌خاك نه‌سپێراون"،

له‌وباره‌یه‌وه‌ لوقمان وه‌ردی لێپرسراوی كۆمیته‌ی چۆمانی یه‌كێتیی نیشتمانیی به‌میدیاكانی نزیك له‌حیزبه‌كه‌ی  ڕاگه‌یاندوه‌: "له‌دوای شه‌هیدكردن و برینداركردنی چواربرا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانه‌وه‌، خه‌ڵكی سنوری باڵه‌كایه‌تی دوو داواكارییان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی تاوانباران و هه‌روه‌ها نه‌مانی ته‌واوی باره‌گای هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران له‌و سنوره‌".

ناوبراو وتویه‌تیشی:"ئه‌مڕۆ 26ی ئابی 2017، كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران ئه‌وه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ دوو ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌یان ڕاده‌ستكردۆته‌وه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تیش ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاستكردۆته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ڕاستی و دروستی نه‌زانراوه‌".

به‌وته‌ی ناوبراو هه‌رچه‌نده‌ بنه‌ماڵه‌ی دوو برا شه‌هیده‌كه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوه‌ كه‌ تا تاوانباره‌كان خۆیان ڕاده‌ستنه‌كه‌نه‌وه‌، ته‌رمه‌كانیان به‌خاك ناسپێرن، بۆیه‌ تائێستاش ته‌رمه‌كان له‌نه‌خۆشخانه‌ی چۆمانه‌و به‌خاك نه‌سپێراون.

ئه‌وبه‌رپرسه‌ی یه‌كێتیی ئاشكرای كردووه‌: "ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئێران به‌ئه‌نقه‌ست له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و تائێستاش هیچ چالاكییه‌كیان وه‌ك ئۆپۆسیۆن به‌رامبه‌ر به‌ئێران نه‌بوه‌، جگه‌ له‌شه‌هیدكردنی دوو هاوڵاتی سنوره‌كه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌:"ئێستا مه‌فره‌زه‌ی خه‌ڵك له‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ هه‌رماوه‌و چاودێری سنوره‌كه‌ ده‌كرێت و توڕه‌یی و ناڕه‌زایی خه‌ڵكیش له‌لوتكه‌دایه‌".

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی