زیاتر لەهەزار كارمەند به‌ موچه‌ی 400 هەزار دادەمەزرێت

چوار شەممە, 30 ئاب 2017 05:29

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، كارمەندانی گرێبەست بۆ بنكەو وێستگەكان دادەمەزرێنێت، وتەبێژی كۆمسیۆنەكەش رایدەگەیەنێت: لەمانگی ئابەوە بۆ مانگی 12 پێویستیمان بەو كارمەندانە دەبێت، كە ژمارەیان نزیكەی هەزارو 62 كەس دەبێت و مانگانە 400 هەزار دیناریان پێدەدرێت.

شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لەهەرێم، راگەیاند: دەسەڵاتی دامەزراندنی كارمەندانی گرێبەست دراوە بە بەڕێوەبەری ئۆفیسەكانی هەڵبژاردن لەشارەكانداو ئەوانیش بەپێی پێویستی بنكەو وێستگەكان، كارمەندیان دامەزراندووە.

وتیشی: "داواكردنی كارمەندانی گرێبەست لەهەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) جیاوازەو كۆی سەرجەم كارمەندە گرێبەستەكان نزیكەی هەزارو 62 كەس دەبێت".

سەبارەت چۆنیەتی گرێبەستەكەیان، شیروان زرار وتی: "كۆمسیۆن بۆ چەند مانگێك پێویستی بەو كارمەندانە هەیەو لەكاتی گرێبەستەكەدا پێیانوتراوە كە لەمانگی ئابەوە بۆ مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دەبێت، بەڵام مانگانە گرێبەستەكان نوێدەكرێنەوە".

وتیشی: "هەر كارمەندێك بەبڕی (400) هەزار دینار گرێبەستی لەگەڵدا كراوە".

بۆ زۆرترین زانیاری سه‌ردانی ماڵپه‌ری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی بكه‌ن