ئه‌مینداری گشتی: ریفراندۆم لە کەرکوک بریارێکی مێژووییه‌و قەڵەم و رۆڵی یەکگرتووش به‌رزه‌

یەک شەممە, 10 ئەیلول 2017 15:20

 

ئەمینداری گشتی رایگه‌یاند: بریاری ئەنجومەنی پارێزگای بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک بە بریارێکی مێژوویی دایەو قەڵەم و رۆڵی ئەندامانی یەکگرتووی بەرزنرخاند لە دەرکردنی ئەم بڕیارە .

بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن لە هەوڵ و کۆششی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەمرۆ یەک شەممە 9/10/2017 مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئامادەبوونی د. هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری و ژمارەیەک لە کارگێرانی ئەنجومەنی سیاسی پێشوازی کرد لە بۆردی راوێژکاری کەرکوکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

سەرەتا ئەمینداری گشتی سوپاسی هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و تەواوی خوشک و برایان و رێکخستنەکانی کەرکوکی یەکگرتوو کرد لەبەرانبەر کۆشش و ماندووبوونیان لە خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە و هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیان.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بریاری ئەنجومەنی پارێزگای بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک بە بریارێکی مێژوویی دایە قەڵەم و رۆڵی ئەندامانی یەکگرتووی بەرزنرخاند لە دەرکردنی ئەم بڕیارە.

دواتر تیشک خرایە سەر دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی کەرکوک و ئەو ئەگەر و پێشبینیانەی کە رەنگە لە ماوەی داهاتوودا روو لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری کەرکوکیش بەتایبەتی دەکات لەم بارەیەوە راسپاردەی پێویست ئاراستەی رێکخستنەکانی یەکگرتوو کرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکە و جەخت لەوە کرایەوە کە وەک هەمیشە لە هەموو شوێنێکی کوردستان یەکگرتووەکان داکۆکی کارێکی ماندونەناسانەی خەڵکی کوردستان نن.

لەکۆتاییدا وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان ئەمینداری گشتی یەکگرتوو خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە ئەندازیار رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوک و ئەندامانی بۆردی راوێژکاری یەکگرتوو لە شاری کەرکوک .

م-ع-كانی