ئومێد خۆشناو دەدرێتە دادگا

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 04:09

 

بە هۆی تۆمەتبارکردنی سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی نیستمانی بە فرۆشتنی هاوکاریە سەربازیەکان، ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان درایە دادگا.

دوای ئەوەی پێشتر ئومێد خۆشناو، مەحمود سەنگاوی بە فرۆشتنی چەکە ئەڵمانییەکان تۆمەتبارکردبوو، پارێزەرەکەی مەحمود سەنگاوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، سکاڵایان لەسەر ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە.

 

سەیوان سیروان پارێزەری مەحمود سەنگاوی رایگەیاندوە، مەحمود سەنگاو لە بنکەی پۆلیسی کەلار سکاڵای لەدژی ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە لەسەر قسەکانی.

 

وتیشی "قسەکانی ئومێد خۆشناو دورن لە ڕاستییەوە و مەحمود سەنگاوی چەکی ئەڵمانی وەرنەگرتووە، ئیتر چۆن بیفرۆشێت".

 

هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر ئومێد خۆشناو بەڵگەی لەبەردەستدایە ئەوا با ئاشکرای بکات و لەئێستادا ئەوان چاوەڕێی بڕیاری دادگان.

 

وتیشی "مەحمود سەنگاوی قاچاخچی چەک نییە، بەڵکو لە ئێستادا پارێزەری خاکە".

 

ڕۆژی 9ی ئەم مانگە، ئومێد خۆشناو لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتی ئەڵمانیا كە بۆ شەڕی دژی داعش چەكی میلانی دایە پێشمەرگە، مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشێكی ئەو چەكانەی گل داوەتەوە و فرۆشتوویەتییە ئەو لایەنەی كە لە لیستی ڕەشی ئەڵمانیادایە.

 

دەشڵێت، مەحمود سەنگاوی بەو کارەی "ناپاكی" لەگەڵ پێشمەرگە و هاوپەیمانان كردووە، چونکە ئەوە بووە هۆی نیگەرانی ئەڵمانیەكان كە دۆست و هاوپەیمانی هێزی پێشمەرگە بوون.