ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێشوازی لە شاندی باڵای یەكێتی و پارتی كرد

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 13:10

ئەمڕۆ چوار شەممە 13-9-2017 لە بارەگای ئەنجومەنی جێبەجێكردن، به‌رێزمامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌ئاماده‌بونی به‌رێزان سعید عه‌لی عه‌بۆ و هادی عه‌لی و فه‌رهاد مه‌لا سالح كارگێرانی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پێشوازیان لە شاندی باڵای یەكێتی و پارتی كرد و تیایدا پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامانی ڕیفڕاندۆم باس و خواسی لێكرا.
دوا بەدوای كۆبونەوەكە، د.هادی عەلی وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند : دوا بڕیار لە كۆبونەوەكەدا ئەوەبووە سبەی كۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
وتیشی : فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆبونەوەی پەرلەمان بەشدار دەبێت و لەسەرتاشەوە یەكگرتوو لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەماندابووە بە بەشداری سەرجەم فراكسیۆنەكان.
د.هادی عەلی دوپاتی كردەوە :كاراكردنەوەی پەرلەمان بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا لە كۆبونەوەی ئەمرۆِدا تەنها تاوتوێی كاراكردنەوەی پەرلەمان كراوە هیچ باسێك لە دواخستنی ڕیفڕاندۆم نەكراوە.